سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە پاشکۆی سەربازیی بەریتانیا لە بەغدا کرد

ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە جەنەڕاڵ گریمی ویرموث پاشکۆی سەربازی لە باڵیۆزخانەی شانشینی یەکگرتوو لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
لەدیدارێکدا، باس لە پڕۆسەی چاکسازی و چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی قۆناغەکانی ئەو پڕۆسەیە کرا و ڕۆڵی ڕاوێژکارانی سوپای بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کە لە سەرەتای پڕۆسەی چاکسازی، هەماهەنگییان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە کردوە بەرز نرخێندرا. هەر لە دیدارەکەدا تیشکخرایە سەر بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی ڕاوێژکارانی سەربازیی بەریتانیا لە هەرێم، بۆ کارکردنی پێکەوەیی لەپێناو نەهێشتنی هەڕەشەکانی تیرۆر و چەسپاندن و بەرقرارکردنی ئەمنیەتی ناوچەکە.
پاشکۆی سەربازیی بەریتانیا لە بەغدا ڕوونیكردهوه، كه ئاستی پهیوهندییهكانی ڕاوێژکارانی سوپای وڵاتهكهی لهگهڵ وەزارەتی پێشمەرگەی حكومهتی ههرێمی کوردستان، لە ئاستێکی باش دایە و هیوای خواست بتوانن لە ئایندەدا ڕۆڵی باشتر ببینن لە عێراق و پاڵپشتی و هەماهەنگیی وڵاتەکەشی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە.
لهكۆتاییی كۆبوونهوهكهدا، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، هیوای خواست بەریتانیا له هاوکاری و هەماهەنگییەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام بێت؛ لەم ڕووەوە وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی ئەرێنی و باشی لەگەڵ ڕاوێژکارانی شانشینی یەکگرتوو ناوە. سەرۆکی ئەرکان ئامادهیی وهزارهتی پێشمەرگەشی بۆ هەموو هاوکارییەک نیشاندا، کە ئامانج لێی برەودان و گەشەپێدانی پەیوەندییەکان بێت.