لە لیوای پێنجی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پەردە لەسەر وێنەی ژمارەیەك شەهید لادرا

ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، وەك ڕێزێك بۆ شەهیدانی شەڕی داعش، بە ئامادەبوونی فەرماندە و جێگری لیوای پێنجی پیادە و کەسوکاری شەهیدان و ئەفسەر و پێشمەرگەکان، لە ڕێوڕەسمێکی پڕ شکۆ و شایستەدا، پەردە لەسەر وێنەی شەهیدانی شەڕی داعشی فەوجی یەکی لیوای پێنجی پیادە لادرا.
شایانی باسە وێنەی شەهیدان لەسەر دیواربەندێك نەخشێنراون، کە ژمارەیان ٣٠ شەهیدە، لەلایەن فەوجی یەکی لیوای پێنجی پیادە، بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەشی هۆشیاریی لیوا دروست کراوە؛ کە لەپێناو پاراستنی خەڵك و خاك و نیشتیمان، هاوشان لەگەڵ شەهیدانی یەکەکانی تری هێزەکانی پێشمەرگە گیانیان بەخت کردووە.