Skip to the content

لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە وۆرکشۆپی "ژن، ئاشتی و ئاسایش" بەڕێوە چوو

ڕۆژی دووشەممە، ١ی ئەیلولی ٢٠٢٥، لە چوارچێوەی بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لە بوارە ئەمنی و سەربازییەکاندا، بە پاڵپشتیی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، ئەمینداریەتیی گشتیی وەزارەت و لەسەر داوای کۆڵۆنێڵ لیندا کاپێلا، ڕاوێژکاری سەربازیی هێزەکانی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگیی لەگەڵ (یەکەی یەکسانی) لە وەزارەتی پێشمەرگە، وۆرکشۆپێک لە ژێر ناوی"ژن، ئاشتی و ئاسایش" تایبەت بە بڕیاری (١٣٢٥)، کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیاری لەسەردراوە، بۆ ژمارەیەک لە ئەفسەرانی ژن لە وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوە چوو.

لە وۆرکشۆپەکەدا، ژمارەیەک لە ئەفسەرانی ژن لە دیوانی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە جیاوازەکان و نوێنەرانی سەرجەم یەکەکان و فیرقەکانی سەر بە وەزارەت بەشدارییان تێدا کرد. وۆرکشۆپەکە بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی ژنان دەربارەی جۆرە جیاوازەکانی تووندوتیژی کە لە دژیان ڕوودەدات، بەرەنگاربوونەوەی جیاکاریی ڕەگەزی لە شوێنی کار، دڵنیاکردنەوە لە یەکسانی لە ئەرک و مافەکاندا، جەختکردنەوە لە گرنگیی بەشداریکردنی ژنان لە پڕۆسەی بڕیاردان و پارێزگاریکردن لە مافی ژنان بۆ بەشداریکردن لە بوارە سەربازی و ئەمنییەکاندا ئەنجام درا.

وۆرکشۆپەکە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ پێشخستنی یەکسانیی ڕەگەزی لە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە دادەنرێت و ڕۆڵی بەرچاو و کارایی ژنان، لە بوارەکانی ئاشتی و ئاسایشدا پێناسە دەکات.

وەزارەتی پێشمەرگە ڕۆڵی خۆی بۆ بەردەوامبوون لەم جۆرە چالاکییانەدا نیشان دەدات، کە مەبەستیان بەرزکردنەوەی ئاست و پێگەی ژنانە، لە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان، لە ناو هێزی پێشمەرگەی کوردستان.