وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە بڕیاری دا بە دروستکردن و تەواوکردنی یەک یەکەی ژمێریاریی سەربازیی یەکگرتوو بۆ سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان

ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، لە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە، لە کۆبوونەوەیەکی گرنگ و پڕبایەخدا، بەئامادەبوونی شۆرش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە و فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، نوێنەری هاوپەیمانان، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، سەرۆکی ئەرکان، ئەمینداری گشتی، ئەفسەرانی پلە باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەی فەرماندەیی یەکەی (٧٠ و ٨٠)، دواین هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی و جێبەجێکردنی خاڵەکان و ئاستەنگەکانی پڕۆسەکە و ڕێنماییە ژمێرکارییەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
لە چوارچێوەی بڕیاری کۆبوونەوە بڕیاردرا، بە جێبەجێکردنی خاڵێکی گرنگی پڕۆسەی چاکسازی، لە دروستکردن و تەواوکردنی یەک یەکەی ژمێریاریی سەربازیی یەکگرتوو بۆ سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.
لە کۆبوونەوەکەدا، تیشکخرایە سەر تەواوکاریی کارەکانی دامەزراندن و تواناکانی دەڤەری یەک و دوو؛ هەروەها دابینکردنی پێداویستییەکان و خێراترکردنی هەنگاوەکان بۆ دامەزراندنیان و ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان. کۆبوونەوەکە هەنگاوێکی مێژوویی بوو، بۆ سەرەتای دروستبوونی هێزێکی یەکگرتووی کوردستانی.