وەزیری كاروباری پێشمەرگە: دڵنیابووینەوە هاوکاری ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت

ڕۆژی دووشەممە، ١ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ دێک پایلویک، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاریی ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و تیمێکی سەربازیی یاوەری کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پێشمەرگە بە بۆنەی دەستبەکاربوونی کۆڵۆنێڵ دێک، پیرۆزبایی ئاراستە کرد و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی و هەماهەنگیی زیاتری نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و نوسینگەی هاریکاریی ئاسایشی بۆ خواست.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، دەربارەی دوایین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی چاکسازی و بنیاتنانی دوو ناوچەی سەرکردایەتیی سەربازی و فیرقەکانی پیادە لە وەزارەتی پێشمەرگە گفتوگۆ کرا و وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند: "پڕۆسەی چاکسازیی بەردەوامە و هەوڵەکانمان بۆ سەرخستنی چاکسازی، چڕتر کردۆتەوە".
لەبارەی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسی نوسینگەی هاریکاریی ئاسایش گفتوگۆیان کرد؛ وەزیری پێشمەرگە ستایشی پشتیوانیی بەردەوامی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کرد و گوتی: "هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە قۆناغی گەشەسەندن و بەهێزبووندایە، بۆ ئەمەش پێویستمان بە هاوکاریی دۆستەکانمانە، لە سەروو هەموویانەوە ئەمریکا؛ دڵنیابووینەوە ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هاوکاری و پشتیوانیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبن".
کۆڵۆنێڵ دێک پایلویک، بە سەردانیکردنی وەزارەتی پێشمەرگە و لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی چاکسازی، دڵخۆشیی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند: "بەردەوام هاوکاریی وەزارەتی پێشمەرگە دەبین، بۆ بنیتانانی ژێرخانێکی سەربازیی نیشتمانیی بەهێز و بە ئامانج گەیاندنی پڕۆسەی چاکسازی".