پشکنینی فێرکاریی بۆ لیوای بیست و حەوتی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە ئەنجام درا

ڕۆژانی ٢٢ و ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتیی (المفتشية العامة)ی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، پشکنینی فێرکاریی بۆ لیوای ٢٧ی فیرقەی سێی پیادە ئەنجام دا.
پشکنینەکە، لەلایەن لیژنەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە سەرپەرشتیی لیوا د. عەبدولعەزیز حەمید ناسراو بە (حسن عەسکەری) بەڕێوەبەڕی پشکنینی گشتی، ئەندامیەتی ژمارەیەك ئەفسەری پشکنەر، لە چەند بەشێکی جیاواز ئەنجام درا؛ تیایدا چەند ڕێکار و ڕێنماییەکیان لەبارەی ڕاییکردنی کاروبارە کارگێڕییەکان بە سەرجەم بەشەکانی لیوای ٢٧ی پیادە دا. ئەمەش بە مەبەستی باشترکردنی شێوازی ڕاییکردنی کاروبارەکانی لیوا.
پڕۆسەی پشکنینی فێرکاری و پشکنینی بەدواداچوون و پشکنینی تاقیکاری و لەناکاو، بەردەوام دەبێت و سەرجەم یەکە و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەگرێتەوە.