Skip to the content

فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان پاڵپشتی و پشتیوانی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە

لە کۆبوونەوە و دیداری وەزیری کاروباری پێشمەرگە، لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، بەردەوامیی پاڵپشتی و پشتیوانیەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکای بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دووپات کردەوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٣ی شوباتی ٢٠٢٦، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ فیتزگیڕاڵد، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان کرد. 

لە کۆبوونەوەکەدا، کە عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت تێیدا ئامادەبوو، وەزیری پێشمەرگە ،ڕۆڵی گرنگی هێزەکانی هاوپەیمانان و لە ناویشیاندا هێزەکانی ئەمریکا، لە پاڵپشتی و پشتیوانییان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پرۆسەی چاکسازی بەرز نرخاند. وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند: "ستایشی ڕۆڵی باڵای ئەمریکا و هاوپەیمانان دەکەین، بۆ هاوکارییە بەردەوامەکانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، هیوادارین پاڵپشتییەکان لەم ساڵدا فراوانتر ببن".

هەروەها چەند پرسێکی گرنگ و پەیوەست بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، دەسەڵاتە کارگێڕی و دارایی و یاساییەکانی فەرماندەی دەڤەری یەک و دوو، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پێشمەرگە و فەرماندەی هاوپەیمانان، باسیان لە دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و دوایین گۆڕانکارییەکان کرد، بە تایبەتی پرسی ئێستای سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان، پێویستیی هاوپەیمانان و ئەمریکا لە چاودێریی دۆخی سوریا، جێبەجێکردنی ڕێکەوتنامەکەیان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر هێرش و پەلامارێک، پاراستنی مافەکانی کورد لە چوارچێوەی دەستوورێکی هەمیشەییدا.

کۆڵۆنێڵ فیتزگیراڵد،  فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان، دوای ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی و گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی، بەردەوامیی پاڵپشتی و پشتیوانییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکای بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دووپات کردەوە. دڵخۆشیی خۆی دەربڕی، کە پرۆسەی چاکسازیی بەردەوامە؛ هیوای خواست هەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ لابردنی هەر کۆسپ و تەگەرەیەکی بەردەم پرۆسەکە.