بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتیی پشکنینی بۆ ژمارەیەك یەکەی سەربازیی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە ئەنجام دا
ڕۆژانی ٢ و ٣ی شوباتی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتیی (المفتشية العامة)ی وەزارەتی پێشمەرگە، پشکنینی بەدواداچوونی بۆ فیرقەی دووی پیادە و پشکنینی لەناکاوی بۆ لیوای سیی پیادە و پشکنینی تاقیکاریی بۆ لیوای شەشی پیادە ئەنجام دا.
پشکنینەکان لەلایەن لیژنەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە سەرپەرشتیی لیوا دکتۆر عەبدولعەزیز حەمید ناسراو بە (حەسەن عەسکەری)، بەڕێوەبەری پشکنینی گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەندامیەتیی عمید روکن فەرهاد رەسوڵ جێگری پشکنینی گشتی، ژمارەیەك ئەفسەری پشکنەر لە چەند بەشێکی جیاواز ئەنجام دران؛ پشکنینی بەدواداچوونی فیرقەی ٢ی پیادە بۆ بەدواداچوون بوو، لەبارەی جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی تایبەت بە شێوازی رایکردنی کاروبارە کارگێڕییەکان لە سەرجەم بەشەکانی فیرقە، کە پێشتر لە پشکنینی فێرکاریدا بە سەرجەم بەشەکانی فیرقەی ٢ی پیادە درابوو.
پاشان پشکنینی لەناکاویان بۆ لیوای ٣٠ی پیادە ئەنجام دا، تیایدا هەڵسەنگاندنیان بۆ شێوازی رایکردنی کاروبارەکانی سەرجەم بەشەکانی لیوا کرد؛ لەسەر بنەمای ئەو ڕێکار و ڕێنماییانەی پێشتر بە بەشەکانی لیوا درابوون.
لە بەردەوامی کارەکانیاندا پشکنینی تاقیکارییان بۆ لیوای ٦ی پیادە ئەنجام دا، ئەمەشیان وەكو هەڵسەنگاندن و بە دواداچوون بوو بۆ ئەو ڕێکار و ڕێنماییانەی کە پێشتر بە بەشەکانی لیوا و فەوجەکانی سەر بە لیوا درابوون.
شایانی باسە، پڕۆسەی پشکنینی فێرکاری، پشکنینی بەدواداچوون، پشکنینی تاقیکاری، پشکنینی لەناکاو، بەردەوام دەبێت و سەرجەم یەکە و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، دەگرێتەوە.