جێگری سەرۆکی ئەرکان فیرقەی یازدەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی بەسەر کردەوە
ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی شوباتی ٢٠٢٦، لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر ڕەشید جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، بە یاوەری لیوا ڕوکن سەلیم سورچی بەڕێوەبەری جموجۆڵی سەربازی، بە مەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی کارگێڕی و سەربازی و بەدواداچوون بۆ پێداویستییەکانی هێزی پێشمەرگە، سەردانێکی مەیدانییان بۆ بارەگای فیرقەی ١١ی پیادە ئەنجامدا و لەلایەن عمید بارزان ئەحمەد خاڵە فەرماندەی فیرقە و ستافی ئەفسەرانی فیرقه پێشوازییان لێکرا.
لە دیدارێکدا، گفتوگۆیان لەبارەی دوایین بەرەوپێش چوونەکانی فیرقەی ١١ی پیادە کرد؛ هەروەها باسیان لە شێوازی راییکردنی کاروبارە ئیدارییەکان کرد، بەو ئامانجەی کە هێزەکان لە بەرزترین ئاستی توانای جەنگیدا بن.
هاوکات لە بەشێکی تری سەردانەکەیدا، جێگری سەرۆکی ئەرکان، بەش و یەکە جیاوازەکانی فیرقەی ١١ی بەسەرکردەوە و بارودۆخ و چالاکیی فیرقەیان هەڵسەنگاند و پێویستیی و داواکارییەکانیان تاوتوێ کرد و جەختی لە پشتیوانیی بەردەوامیی وەزارەت کردەوە و ئاماژەی بەوەشدا کە هەموو هەوڵێک دەخەنە گەڕ بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان و چارەسەرکردنی گرفتەکانیان.