Skip to the content

سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە سەردانی میحوەری پێنجی پێشمەرگەی لە پردێ کرد

ڕۆژی پێنجشەممە، ۱۹ی شوباتی ۲۰۲٦، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە یاوەری لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر ڕەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، ڕاوێژکاری باڵای وەزارەت، بەڕێوەبەری جموجۆڵی سەربازی و بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاری، بەمەبەستی ئاگاداربوون لە ڕەوشی سەربازی و کارگێڕی، سەردانی میحوەری پێنجی هێزی پێشمەرگەی کرد و لەلایەن نوری حەمە عەلی، فەرماندەی میحوەر و جێگرانی میحوەر و ئەفسەرانەوە پێشوازییان لێکرا.

لە دانیشتنێکدا، دۆخی سەنگەرەکانی بەرگریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکە و پەڕەپێدانی توانای سەربازیی هێزی پێشمەرگەی لە سنورەکە لەگەڵ فەرماندەی میحوەر و ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە خرایە بەرباس. دواتر گفتوگۆ لەسەر پێداویستییەکان و چۆنیەتیی دابینکردنی داواکارییەکانی میحوەر کرا. هەروەها شێوازی هەماهەنگی و مامەڵەکردنی میحوەر لەگەڵ ئەو یەکە سەربازییە نوێیانەی لە چوارچێوەی پڕۆسەی ڕێکخستنەوەی هێزەکاندا دروستبوون.

لەتەوەری کۆتاییی ئەو سەردانەدا، سەرۆکی ئەرکان سەردانی لیوای ٢٥ی پیادەی کرد و لە لایەن جێگری لیوا و ئەفسەرانەوە پێشوازی کرا و لە نزیکەوە بارودۆخی سەنگەرسازیی خاڵەکانی پێشمەرگەی لەگەڵ فەرماندەکانی پێشمەرگە شیکردەوە و جەختی لە تۆکمەیی سەنگەرەکانی بەرگریی پێشمەرگە کردەوە و ورەبەرزی هێزی پێشمەرگە و پابەندبوون بە دیسپلینە سەربازییەکانی بەرز نرخاند.