Skip to the content

سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کرد

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٦، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ سێبستیان کلینک، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.

سەرۆکی ئەرکان سوپاس و ستایشی وەزارەتی بۆ فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا دەربڕی و هەوڵ و ماندووبوونە بەردەوامەکانی لە سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و پێشخستنی کەرتی تەندروستیی پێشمەرگە بەرزنرخاند.

هەر لەو سەردانەیدا، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا و شاندی یاوەری، لە لایەن لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر ڕەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، پێشوازییان لێکرا.

لە دیدارێکدا، کە لیوا بەشدار ئیسماعیل، ڕاوێژکاری باڵای وەزارەت، د. ڕەزا ئیسماعیل سنیار، بەڕێوەبەری کاروباری تەندروستی، ئامادەی بوون، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا ئامانجی سەردانەکەی ڕوونکردەوە و کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی بە جێگری سەرۆکی ئەرکان ڕاگەیاند.

جێگری سەرۆکی ئەرکان سوپاسی کۆڵۆنێڵ سێبستیان کلینکی کرد و ئاماژەی بەوەکرد کە لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە وەک فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا، هاوشان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە کاری کردووە، بۆ سەرخستنی بەرنامە و پلانەکانی وەزارەت لە پرسی ڕیفۆرم. هەروەها سوپاسی تیمی سەربازیی وڵاتی ئەڵمانیای لە هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: "وڵاتی ئەڵمانیا لە ڕێگەی ڕاوێژکارانی سەربازییەوە هاوکار و پاڵپشتیکارێکی باش بووە، بە تایبەتی لە پێشخستنی کەرتی تەندروستیی وەزارەتی پێشمەرگە و شانازی بە کارکردنی هاوبەش لەگەڵ دۆستانمان لە هاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەکەین"