Skip to the content

پێشانگای وێنەییی خانمانی پێشمەرگە کرایەوە

ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی، ئەدریان ئایسلستین کونسوڵی گشتیی شانشینی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان و ڕاوێژکارانی باڵای وەزارەت، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاری، بەڕێوەبەری چاکسازی، ژمارەیەک لە ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، تیمێکی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و ڕاگر و مامۆستایان و قوتابیانی کۆلێژەکە، لە شاری هەولێر و لە هۆڵی کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سەلاحەدین، بە دەستپێشخەری ڕاوێژکاری سەربازی لە کونسوڵگەری هۆڵەندا، بە هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و بەشداری کۆلێژی زانستە سیاسییەکان، پیشەنگایەکی تایبەت بە وێنەی خانمانی پێشمەرگە کرایەوە.

لە دەسپێکی ڕێوڕەسمەکەدا، هەریەک لە ڕاگری کۆلێژی زانستە سیاسییەکان، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتیمانی و ڕاوێژکاری سەربازیی کونسوڵخانەی گشتیی هۆڵەندا وتاریان پێشکەش کرد؛ لە وتارەکاندا وێڕای بەرزنرخاندنی ئەم هەماهەنگییە هاوبەشە، جەخت لەسەر ڕۆڵی کاریگەری ئافرەتان و ژنان لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا کرایەوە. هەروەها هیوا خوازرا کە لە داهاتوودا ئاستی بەشداری خانمان لە دامەزراوە سەربازییەکانی هەرێمی کوردستان بەرزتر بکرێتەوە و رۆڵیان کاراتر بکرێت.

جێگەی ئاماژەیە کە پیشانگاکە (٢٠) وێنەی جیاواز لەخۆ دەگرێت، کە هەر یەکێکیان وێنەیەکی ڕاستەقینەیە لە بەشداریی چالاک و ڕۆڵی بەرچاوی ژنانی پێشمەرگە و تێکۆشەرانەیان. هەروەها توانا و لێهاتووییان لە بەڕێوەبردنی شارەزایانە و جێبەجێکردنی ئەرک و چالاکییە سەربازییەکان لە هەرێمی کوردستان.