Skip to the content

سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە: پرۆسەی دروستکردنی بڕیار پرۆژەیەکی ستراتیژیی درێژخایەنە بۆ هەموو هێزی پێشمەرگە

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، بە سەرپەرشتیی عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و ئامادەبوونی ڕێبوار عەلی کەریم، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان و کۆڵۆنێڵ فیتز گیراڵد، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و تیمێکی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتی و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان، کۆبوونەوەیەکی فراوان، سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی پرۆسەی دروستکردنی بڕیار بۆ هەیئەی فیرقەی حەوتی پیادە بەڕێوەچوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا، گفتوگۆ لەسەر هەنگاوەکانی ئەنجامدانی ڕاهێنان لەسەر پرۆسەی دروستکردنی بڕیار (عملیة صنع القرار) بۆ هەیئە و ستافی فیرقەی ٧ی پیادە ئەنجام درا، بەمەبەستی ڕاهێنانکردن لەسەر دەسەڵاتەکانی هەیئە و ستافی فیرقەکان لەسەر پرۆسەی دروستکردنی بڕیار و بەکارهێنانی ئامرازەکانی گەیاندن و دەرخستنی گرنگیی مەنضومەی کارگێڕی لە یەکە سەربازییەکان بۆ ئامادەسازی لە دروستبوونی هەر پێشهاتێک.

لە بەردەوامی کۆبوونەوەکەدا، دووپات لە گرنگیی ئەنجامدانی مەشقی کردەیی و پرۆسەی دروستکردنی بڕیار کرایەوە، کە بە ئاستێکی بەرز ئەنجام بدرێت، ئەم جۆرە ڕاهێنانە بە یەکێک لە ستانداردە هەرە بەرز و گرنگەکانی نێو فیرقە سەربازییەکان دادەنرێت، ئامانجی سەرەکی پەرەپێدانی توانای بڕیاردان لە کاتی ئۆپەراسیۆنە ئاڵۆزەکاندا و هەماهەنگیی زیاتر لەنێوان یەکە جیاوازەکانی فیرقە و بەرزکردنەوەی ئاستی پیشەییی ئەفسەر و پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییەکان.

لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەرکان بەشێوەیەکی ئاشکرا گرنگی و پێویستیی پشتگیری یەکگرتوویی وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ پرۆسەی دروستکردنی بڕیار و پرۆژەی ستراتیژیی بنیاتنان و پەرەپێدانی توانای سەربازیی فیرقەکانی پیادە دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوە دا؛ ئەم پرۆسەیە بۆ بەهێزکردنی تەواوی هێزی پێشمەرگەیە و جێبەجێکردنی دەبێتە هۆکاری بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەگیی هێزەکان و دامەزراندنی مۆدێلێکی سەرکەوتوو بۆ پەرەپێدانی فیرقەکانی تر و جەختی کردەوە کە ئەم پشتگیرییە نابێت وەک کارێکی کاتی تەماشا بکرێت، بەڵکوو وەک بەرنامەیەکی درێژخایەن کە ئەنجامەکانی لە داهاتوودا لەسەر تەواوی فیرقەکانی پیادە و هێزی پێشمەرگەی کوردستان کاریگەر دەبێت.