وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاو بۆ یەکخستنی زاراوە سەربازییەکان دەنێت
ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، لە بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە سەرپەرشتیی بەشدار ئیسماعیل، ڕاوێژکاری باڵای وەزارەت و بەشێکی دیکە لە بەڕێوەبەران و چەند مامۆستایەکی زانکۆی سەلاحەدین، کە پسپۆڕییان لە زمان و زاراوەکان هەیە، کۆبوونەوەی ژمارە ٢٨ی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی لەبارەی زاراوە سەربازییەکان بەڕێوەچوو.
لەو کۆبوونەوەیەدا، پرۆژەی ڕەشنووسی زاراوە سەربازییەکان، بە هەماهەنگیی مامۆستایانی پسپۆڕی زمان و زاراوەناسیی زانکۆی سەلاحەدین، تاووتوێ کرا، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی زانستی و سەربازی کار لەسەر داڕشتنەوە و یەکخستنی زاراوە سەربازییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە بکرێت.
شایانی باسە، ئەم پرۆژەیە لە گفتوگۆدایە و بڕیارە لە ئاییندەدا ناوەندێکی تایبەت یان دامەزراوەیەکی زانستی لە وەزارەتی پێشمەرگە بێتە کایەوە، ئەم ناوەندە دەبێتە بنەمایەکی سەرەکی بۆ پاراستنی شوناسی زمان و زاراوەی کوردی لە ناو هێزی پێشمەرگەدا.