وەزیری کاروباری پێشمەرگە لەگەڵ تیمێکی باڵای سەربازیی بەریتانیا کۆبووەوە
ڕۆژی یەکشەممە، ١١ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کۆلۆنێل وێڵ داڤیس، مولحەقی سەربازی لە باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق و تیمی سەربازیی یاوەری کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پێشمەرگە بە بۆنەی دەستبەکاربوونی کۆڵۆنێل داڤیس، لە باڵیۆزخانەی شانشینی بەریتانیا لە عێراق، پیرۆزبایی لێ کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا.
وەزیری پێشمەرگە و تیمی سەربازیی بەریتانیا گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
وەزیری پێشمەرگە باسی بەرەوپێشچوونەکانی وەزارەتەکەی کرد و ڕایگەیاند: وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە بە تایبەت لە بنیاتنانی دوو دەڤەری سەرکردایەتی و فیرقەکانی پیادە. هەروەها ستایشی ڕۆڵی باڵای وڵاتی بەریتانیای کرد لە بەرانبەر پاڵپشتیی بەردەوامی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە.
کۆڵۆنێل داڤیس، خۆشحاڵ بوو کە لە دوای ساڵانێک دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، باسی ئەو ساڵانەی بۆ وەزیری پێشمەرگە کرد کە لە هەرێمی کوردستان لە ئەرکدابووە. دڵخۆشی خۆی دەربڕی بە بەرەوپێشچوونەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، هەوڵەکانی وەزیری پێشمەرگەی بەرز نرخاند. پاڵپشتی و پشتیوانیی بەریتانیای بۆ پێشمەرگە دووپات کردەوە بە تایبەت لە نێو ئەو ڕێککەوتننامەیەی وا بڕیارە لەنێوان وڵاتی بەریتانیا و عێراق واژۆ بکرێت.