Skip to the content

وەزیری کاروباری پێشمەرگە: نیگەرانی ئەو هێرش و پەلامارانەی سوپای سووریاین بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان

لە میانەی کۆبوونەوەی وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە، ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ فیتز گیراڵد، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا، وەزیری پێشمەرگە و فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە گرنگییەوە پرسی ئێستای ناوچەکە، دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژئاوای کوردستان و گرژییەکانی سوریایان تاوتوێ کرد. وەزیری پێشمەرگە نیگەرانی قوڵی خۆی گەیاندە هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئەنجامی ئەو پەلامار و هێرشانەی سوپای سوریا بۆ سەر کوردانی ڕۆژئاوا کە ڕوودەدات، ڕایگەیاند: "هاوسۆزین لەگەڵ خەڵکی خۆمان لە رۆژئاوای کوردستان، پێویستە هێزەکانی هاوپەیمانان ڕۆڵی دیار و بەرچاوی خۆیان بگێڕن بۆ کۆتاییهێنان بەو هێرش و پەلامارانەی سوریا بۆ سەر گەلی کورد لە ڕۆژئاوا، هەوڵبدرێت لە ڕێگەی لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ چارەسەری گرفتەکان بکرێت".

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پەیوەست بە پرۆسەی چاکسازی و دامەزراندنی هەردوو دەڤەری سەرکردایەتی و دەسەڵاتەکانیان و کۆمەڵێک پرسی تایبەتمەند بە هێزی پێشمەرگە گفتوگۆ کرا. لەم بارەیەوە وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند: "وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە لە پرۆسەی ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، تاکو بگەین بە دەرئەنجامی کۆتایی لەم پرۆسەیەدا".

کۆڵۆنێڵ گیراڵد ڕایگەیاند کە هێزەکانی هاوپەیمانان چاودێریی ڕووداوەکان دەکەن، لە ڕێگەی کەناڵە جیاوازەکانی خۆیان هەوڵی ئاساییکردنەوەی گرژییەکانی دۆخی سوریا دەدەن؛ هیواشی خواست هێزی پێشمەرگە ببێتە هێزێکی سەربازیی پێشکەوتوو لە ناوچەکەدا.