Skip to the content

وەزیری کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە فەرماندەی گشتیی هێزە ئاسمانییەکانی ناوەندی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست کرد

ڕۆژی سێشەممە، ١٣ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی لە فەریق دێرێک فرانس، فەرماندەی گشتیی هێزە ئاسمانییەکانی ناوەندی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست (AFCENT) و تیمی سەربازیی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا، کە عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت و عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان و بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتی، نوێنەری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، تێیدا بەشدار بوون، شۆڕش ئیسماعیل بە گرنگییەوە باسی لە سەردانەکەی فەرماندەییی گشتیی هێزی ئاسمانی کرد بۆ هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند: سەردانی فەریق فرانس بۆ هەرێمی کوردستان، پەیامی پاڵپشتی و پشتیوانیی ئەمەریکایە بۆ گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە، پاڵپشتی و پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی وەزارەتی پێشمەرگە لە پرۆسەی ڕیفۆرمی سەربازی کرا.

وەزیری پێشمەرگە لەبارەی بەرەوپێشچوونەکانەوە ڕایگەیاند: توانای سەربازیی هێزی پێشمەرگە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەوپێش دەچێت؛ بۆ ئەم مەبەستەش پێویستی بە پاڵپشتیی زیاتری ئەمەریکایە. هەروەها هیوای خواست هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی نێوانیان بەردەوام و فراوانتر بێت.

لە بەرانبەردا، فەریق دێرێک فرانس پەیامی پشتیوانیی ئەمەریکای بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دووپات کردەوە، چاکسازی و بەرەوپێشچوونەکانی پێشمەرگەی بەرز نرخاند و هیوای خواست هێزی پێشمەرگە بگاتە ئاستێکی پێشکەوتووی سەربازی لە ناوچەکەدا.​​​​​​​​​​​​​​​