وەزیری کاروباری پێشمەرگە: کوردانی ڕۆژاوا بە دەیان هەزار شەهیدیان لەپێناو مرۆڤایەتی بهخشيوه
لەمیانەی دیدار و کۆبوونەوەی وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ کونسولی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، وەزیری پێشمەرگە جەختی لە دۆخی ناهەمواری ڕۆژاوای کوردستان کردەوە و داواشی کرد هۆڵەندا ڕۆڵی دیار و بەرچاوی هەبێت.
ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی له ئەدریان ئایسلستین، کونسولی گشتیی شانشینی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، کۆڵۆنێڵ ئێریک، بەرپرسی دەستەی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و تیمی سەربازيی یاوەریان كرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پێشمەرگە جەختی لە دۆخی ناهەمواری ڕۆژاوا و هێرش و سەپاندنی شەڕ بەسەر کوردانی ڕۆژاوادا لەلایەن سوپای عەرەبيی سووریا كردهوه و ڕایگەیاند: داواکارین حکومەتی هۆڵەندا ڕۆڵی دیار و بەرچاوی هەبێت لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسیيەکانیان لە ئەورووپا و نەتەوەیەکگرتووەکان، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ماڵوێرانيی کورد لەو ناوچانه. گوتیشی؛ کوردانی ڕۆژاوا بە دەیان هەزار شەهیدیان بەخشیوە لەپێناو مرۆڤایەتی و کۆتاییهێنان و نەهێشتنی مەترسییەکانی داعش و تیرۆر لە ناوچەکەدا، زۆر گرنگە لەم قۆناغە پڕ ئالنگاریيەدا وڵاتانی ئەورووپا و ئەمهریکا پاڵپشتی کوردانی ڕۆژاوا بن.
لهو بارهيهوه کونسولی گشتیی هۆڵەندا ڕایگەیاند: بەوردی چاودێريی دۆخەکە دەکەین، حکومەتی هۆڵەنداش بەیاننامەی فەرمی هەبووە و داواى کردووە ئاگربەست جێبەجێ بکرێت و کێشەکان بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن چارەسەربکرێن.
چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، تهوهرێكى ديكهى گفتوگۆكان بوو. لهو بارهيهوه شۆڕش ئيسماعيل ڕایگەیاند: چاکسازی لەناو هێزی پێشمەرگەی کوردستان، پرۆسەیەکی بەردەوام و بنیاتنەرە، بۆ سەرخستنی پرۆسەکەش هەوڵەکانمان بەردەوامن و بە ڕێژەیەکی زۆر کارەکان تەواوبوون.