Skip to the content

سه‌رۆكى ئەنجومەنى ڕاژەى گشتیى هەرێمی کوردستان سەردانى ديوانى چاودێریى داراییى فیدڕاڵی کرد

لە چوارچێوەى سەردانى فه‌رميى ئەنجومەنى ڕاژەى گشتیى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا، ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، دیدارێکى گرنگ لەگەڵ عەممار سوبحی خەلەف، سەرۆکى دیوانى چاودێریى داراییی حکومەتى فیدڕال، بە ئامادەبوونى ئەندامانى ئه‌نجومه‌نى ڕاژه‌ى گشتيى هەرێم و د. حەیدەر یوسف خلخال، بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى وردبینى، لە دیوانى چاودێریی داراییى فیدڕال و سەرۆکى دەستەى وردبینى دیوانى ناوبراو لە هەرێم ئەنجام درا.

لە کۆبوونەوەکەدا سیراج بارزانى، سەرۆکى ئه‌نجومه‌نى ڕاژه‌ى گشتيى هەرێم چەند خاڵێکى گرنگى پەیوەست بە پرۆسەى ڕێکخستنەوەى میلاکاتى هەرێم و پەسەندکردنى میلاکات لەلایەن وەزارەتى دارایى و ئابوورى، بۆ یەکەمجار دواى ساڵى ٢٠١٣ خستەڕوو.
دیوانى چاودێریی داراییى حکومەتى فیدڕاڵ، پشتگیریى خۆى بۆ جێبەجێکردنى بڕیارى ئەنجومەنى وەزیرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، تایبەت بە پەسەندکردنى میلاکاتى گشتى، وەکوو هەنگاوێک بە ئاراستەى ڕێکخستنەوەى میلاکاتى حکومەتى هەرێم دەربڕى، کە کاریگەریى ڕاستەخۆى دەبێت لەسەر کردنەوەى دەرگەی دامەزراندن لەسەر میلاکى هەمیشەیى، بە پشتبەستن بە پلەکانى جوڵەى میلاکى پەسەندکراو. هەروەها دووبارە دەستپێکردنەوەى پرۆسەى بەرزکردنەوەى پلەى ڕاسپێردراوان بە خزمەتى گشتى، بەپێى یاساى بودجەى گشتیى فیدڕاڵ ژمارە ١٣ى ساڵى ٢٠٢٣. هەروه‌ها دیوانى چاودێریى داراییى حکومەتى فیدڕال ئاماژەى بەوە دا کە بەپێى یاساى ژمارە ٧ى ساڵى ٢٠١١ى ئەنجومەنى ڕاژەى گشتیى هەرێم، پێویستە دۆسیەى دامەزراندن لەسەر میلاکى گشتى، بۆ تێکڕاى دامەزراوەکانى ڕاژەى شارستانى، بە هەر سێ سەرۆکایەتییەکەوە لەلایەن ئەنجومەنى ڕاژەى گشتى، هاوشێوەی حکومەتی فیدڕال ئەنجام بدرێت. هەروەها بڕیار درا ئاستى هەماهەنگیى هەردوولا بەرز بکرێت بۆ کارى هاوبەش لە ئاییندەدا.