Skip to the content

شاندێکى ئەنجومەنى ڕاژەى گشتيى هەرێم سەردانى ئەنجومەنى ڕاژەى فیدڕاڵ دەکات

ڕۆژى چوارشەممە 4ى كانوونى يه‌كه‌مى 2024، بە مەبەستى تاووتوێکردنى بەهەمیشەیىکردنى فەرمانبەرانى گرێبەست و دامەزراندنى دەرچووانى سێ یەکەم و هەڵگرانى بڕوانامەى باڵا و پیشە پزیشکی و تەندروستییەکان، بە پێى هەردوو بڕیارى ئەنجومەنى وەزیران ژمارە (264) و (265)، شاندێکى ئەنجومەنى ڕاژەى گشتيى هەرێم، بە سەرۆکایەتيى سيراج بارزانى، سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاژەى گشتى، گەیشتە بەغدا و لە یەکەم کۆبوونەوە تاووتویێ ئەم بابەتە لەگەڵ سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاژەى گشتيى فیدراڵى کرا.
هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە وەزارەتى دارایيى فیدراڵى پلەى وەزیفيى پێویست بۆ ئەم مەبەستە لە ڕێگه‌ى هەموارى خشتەکانى هێزى کارى هاوپێچى یاساى ژمارە (13)ى بودجەى گشتيى فیدڕاڵ بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان هاوشێوەى حکومەتى فیدڕاڵى بهێنێتە کایەوە و ئەنجومەنى ڕاژەى گشتيى فیدڕاڵى بە مافى حکومەتى هەرێمى کوردستانیان زانى لە چوارچێوەى پشکى هەرێم لە بودجەى فیدڕاڵى پلەى وەزیفى و تەرخانکردنى دارایيى پێویست، بە مەبەستى دامەزراندنى توێژەکانى ئاماژەپێدراو، لە لایەن وەزارەتى دارایيى فیدڕاڵى بۆ حکومەتى هەرێم دەستەبەر بکرێت.
هەروەها لە کۆبوونەوەکە بڕیار درا بە مەبەستى بەرزکردنه‌وه‌ى ئاستى هەماهەنگيى نێوان هەردوولا و ئامادە کردنى ڕەشنووسى چەند پرۆژەیەکى هەموارى یاساکانى پەیوەندیدار بە بوارى ڕاژەى گشتى، وۆرکشۆپێک لە سەرەتاى ساڵى داهاتوو، بە بەشدارى هەردوولا ئەنجام بدرێت.