ئەنجومەنى ڕاژەى گشتيى هەرێم و ئەنجومەنى ڕاژەى گشتيى فیدراڵى تاووتوێى هەنگاوەکانى پتەوترکردنى پەیوەنديی نێوانیان دەکەن
ڕۆژى پێنجشهممه ٩ى كانوونى دووهمى ٢٠٢٥، سيراج بارزانى، سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاژەى گشتيى هەرێم پێشوازى لە مهحموود محهمهد عهبدول تهميمى، سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاژەى گشتيى فیدراڵى و شاندێکى ياوهرى كرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێوەبەرى گشتيى فەرمانگەى کاروبارى کارگێڕى و دارایى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بەڕێوەبەرى گشتيى کاروبارى پەیوەندییەکان و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتيى حکومەتى هەرێم لە بەغد ئامادەى بوون، تاووتوێى فراوانترکردنى کارى هاوبەش لە نێوان هەردوولا، لە بوارەکانى پەیوەندیدار بە دامەزراندن و پێداچوونەوە بە پەیکەرى ڕێکخراوەیى دامەزراوەکانى کەرتى گشتى و ڕێکخستنەوەى ناونیشانە وەزیفییەکان و پێداچوونەوەى هونەرى بە چەند یاساى پەیوەندیدار بە بوارى ڕاژەى گشتى کرا.
لە تەوەرێکى ديكهى کۆبوونەوە تیشک خرایە سەر پرۆسەى دامەزراندنى سێ یەکەمهكان و هەڵگرانى بڕوانامەى باڵا. سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاژەى گشتيى فیدراڵى ئامادەیى ئەنجومەنەکەیانى دەربڕى بۆ تەرخانکردنى نزیکەى (٧٠٠) پلەى وەزیفى ديكه، بە پێى یاساى بودجەى گشتيى ژمارە (١٣)ى ساڵى ٢٠٢٣، بە مەبهستى دامەزراندنى دەرچووانى زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان، کە دانیشتووى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمن.
هەروەها هەنگاونان بەرەو چارەسەرکردنى گرفتە داراییەکانى نێوان حکومەتى فیدراڵى و حکومەتى هەرێم بە پێویست زانرا، بۆ ئەوەى بەشە بودجەى هەرێم بە شێوەى دادپەروهرانەتر خەرج بکرێت و بوار بە دانیشتووانى هەرێمى کوردستانیش بدرێت هاوشێوەى پارێزگهکانى ترى عێراق لە پرۆسەى دامەزراندن سوودمەند بن.
لە کۆتایىدا هەردوولا هاوڕا بوون لە سەر پتەوتر کردنى پەیوەنديى نێوانیان.