500 فەرمانبەر بۆ فەرمانگەکانى سنوورى پارێزگهى هەڵەبجە بە شێوەى گرێبەست دادەمەزرێن

ئەنجومەنى ڕاژەى گشتى تەواوبوونى ڕێککارەکانى دامەزراندنى 500 کەس بە شێوەى گرێبەست، بۆ فەرمانگەکانى سنوورى پارێزگهى هەڵەبجە ڕادەگەیهنێت. ئەمەش لەسەر فهرمانى مهسرور بارزانى، سهرۆكى حكومهتى ههرێمى كوردستان، لەپێناو دابینکردنى میلاکى پێویست بۆ دامودەزگهکانى سنوورى پارێزگهى هەڵەبجە، بە مەبەستى باشتر ڕاییکردنى کاروبارى هاووڵاتیيان.
وێنەیەک لە فەرمانى ڕەزامەنديى سەرۆکایەتيى ئەنجومەنى وەزیران، تایبەت بە دامەزراندنى ناوبراوان بۆ کارى پێویست ئاراستەى ئەنجومەنى ڕاژەى گشتى کراوە و لە ئێستادا زانیاريى پەیوەست بە شوێنى دەوامى فەرمیى ناوبراوان لەلایەن ئەنجومەنى ڕاژەى گشتى بە فەرمى ڕەوانەى پارێزگەى هەڵەبجە دەکرێت بە مەبەستى جێبەجێکردنى ڕێکارە کارگێڕییەکانى پەیوەندیدار بە دامەزراندنیان بە پێى ڕێنمایيى ژمارە (10) ساڵى 2019.
شایانى ئاماژەیە (48) کەس لە کۆى ئهو 500 فەرمانبەره کەسوکارى پلەیەکى شەهیدان و ئەنفالکراوەکانن و لە سیستەمى خاڵبەنديى گشتى، خاڵى تایبەتیان بۆ دیارى کرابوو وێڕاى ئەوەى ڕەچاوى (یاساى ماف و ئیمتیازاتى کەمئەندام و خاوەنپێداویستيى تایبەت) ژمارە (22)ى ساڵى (2011)ش کراوە، بە تەرخانکردنى ڕێژەى 5% لە تێکڕاى وەزیفەکان بۆ توێژى ئاماژەپێدراو، بە شێوازێک (25) کەس لە کۆى (500) دەرچوو خاوەنپێداویستيى تایبەتن و بە سیستەمى کۆتا دەرچوون.
هەروەها دەرچووان بەپێى پێداویستيى فەرمانگەکانى سنوورى پارێزگهى هەڵەبجە (45) جۆر وەزیفەى گشتى لەئەستۆ دەگرن، بە شێوازێک بڕوانامە و بوارى پسپڕرییان لەگەڵ جۆرى کار و ناونیشانى وەزیفییان دهگونجێت و هیچ دەرچوویەک بە ئەرکێک هەڵناستێت لە بوارى پسپۆڕيى خۆى نەبێت بە پێى بڕوانامەکەى.