وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی حكومەتی عێراق و دەستەی ژینگە كۆبوونەوە
هەولێر، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمرۆ 4ی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر)ی 2020 عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی پێشوازی لەشاندێكی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق بە سەرۆكایەتی د.جاسم فەلاحی بریكاری وەزارەت كرد.
لەم دیدارەدا شاندی میوان پیرۆزبایی دەست بەكاربوونی لە سەرۆكی دەستە كرد و لەمیانەی گفتوگۆی نێوان هەردوولا جەخت لەسەر هەماهەنگی و پەیوەندی و كاری هاوبەشی نێوان هەردوولا كرایەوە بەتایبەت لە كۆنفرانس و كۆنگرەو كۆبوونەوە نێو دەوڵەتی و هەرێمیەكان كە سەبارەت بە پرسی ژینگە رێك دەخرێن.
دواتر گفتوگۆ لەبارەی كێشە ژینگەیەكانی وەك پیس بونی ژینگە، بەبیابان بون، لەناوچونی هەمەجۆری زیندەوەران، گەرم بونی كەشوهەوا، چینی ئۆزۆن كرا وتیشك خرایە سەر ئاسایشی ئاوو خۆراك وەكو یەكێك لەپرسە گرنگەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان.