Skip to the content

بە بۆنەی ڕۆژی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان، چاڵاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت

هەولێر،هەرێمی كوردستان،عێراق (gov.krd) - ده‌سته‌ی ژینگه‌ و نوێنه‌رانی داموده‌زگا و لایه‌نه‌ ژینگه‌ییه‌كان
ڕۆژی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستانیان به‌رز ڕاگرت
 تا كۆتایی هه‌فته‌ له‌ ته‌واوی هه‌رێمی كوردستاندا چاڵاكییه‌ جۆراوجۆره‌كان به‌رده‌وام ده‌بن به‌ بۆنه‌ی ڕۆژی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.
ڕۆژی شه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی 16/4/2022 به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی لایه‌نه‌ ژینگه‌ییه‌كان كه‌ زیاتر له‌ ده‌ داموده‌زگای فه‌رمیی و ڕێكخراوی خۆبه‌خش بوون ، ڕۆژی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستانیان به‌رز راگرت.
له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا بۆ كه‌ناڵه‌ كوردستانیی و عێڕاقییه‌كان سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ژینگه‌ تیشكی خسته‌ ماناكانی به‌رزڕاگرتنی ڕۆژی ژینگه‌ی كوردستان و ، كاره‌كانی ده‌سته‌ی ژینگه‌ و ڕۆڵی تاك و ڕێكخراوه‌كان و كه‌رتی تایبه‌ت و ڕاگه‌یاندن و هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ژینگه‌ی عێڕاق و ئاژانسه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ پاراستنی ژینگه‌دا.
دواتر به‌شداریی كرد له‌هه‌ڵمه‌تێكی نه‌مام چاندن ، پاشانیش له‌ ئازادكردنی پۆلێك له‌باڵنده‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ سمۆره‌ و گێڕانه‌وه‌یان بۆ نێو سروشتی خۆیان.
له‌ كۆتاییشدا بۆ ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌ناڵه‌ كوردستانی و عێراقییه‌كان لێدوانی دا له‌باره‌ی پرسه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانی ژینگه‌وه‌.
شایانی باسه‌ تا كۆتایی هه‌فته‌ له‌ ته‌واوی هه‌رێمی كوردستاندا چاڵاكییه‌ جۆراوجۆره‌كان به‌رده‌وام ده‌بن به‌بۆنه‌ی ڕۆژی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه.