Skip to the content

دەستەی ژینگە و دەزگای کەشناسی بۆ پاراستنی ژینگە هەماهەنگیی زیاتر دەکەن

هەولێر،هەرێمی كوردستان،عێراق (gov.krd)- ڕۆژی دووشەممە رێكه‌وتی ١٥ی ئابی ٢٠٢٢، عه‌بدولڕه‌حمان سدیق سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ فازڵ ئیبراهیم به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فه‌رمانگه‌ی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانیی هه‌رێمی كوردستان کرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سته‌ی ژینگه ‌و فه‌رمانگه‌ی كه‌شناسیی كرا و له‌سه‌ر ئاستی ده‌سته‌ و فه‌رمانگه‌ و له‌سه‌ر ئاستى پارێزگاكانيش تاوتوێی باسە پەیوەندیدارەکان کرا. 

هه‌روه‌ها باس له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندتركردنی ڕاپۆرته‌كانی هه‌ڵسه‌نگاندنی كاریگه‌ریی ژینگه‌یی كرا له‌ڕێگه‌ی پێدانی داتا نوێیه‌كانی كه‌شناسیی په‌یوه‌ست به‌ شوێنی ئه‌نجامدانی هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك.
به‌باشیش زانرا له‌ ئاینده‌دا له‌ ڕێگه‌ی یاداشتنامه‌یه‌كی لێكتێگه‌یشتن هه‌نگاوه‌كانی هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌ردوولا خێراتر بكرێت.