Skip to the content

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ژینگه‌ و شاندێكی باڵیۆزخانه‌ی به‌ریتانیا هەماهەنگی و هاوکاریی ژینگەییان دووپاتکردەوە

هەولێر،هەرێمی كوردستان (gov.krd)- ڕۆژی چوارشەممە رێكه‌وتی ١٧ی ئابی ٢٠٢٢، عه‌بدولره‌حمان سدیق سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له ‌شاندێكی تایبه‌ت به‌ بواری ژینگه‌ له ‌باڵیۆزخانه‌ی به‌ریتانیا له‌به‌غدا کرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شاندی میوان ده‌ستخۆشییان له‌ ده‌سته‌ی ژینگه‌ كرد بۆ ده‌ستپێكردنی ‌جێبه‌جێكردنی هه‌ندێك بڕگه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌ی به‌شدارییه‌ نیشتمانییه‌كانی تایبه‌ت به ‌ڕێككه‌وتننامه‌ی پاریس و بایه‌خدانی ده‌سته‌ی ژینگه‌ به‌ بۆردی ڕێكخراوه‌ ژینگه‌ییه‌كان و هه‌روه‌ها بایه‌خدانی ده‌سته‌ به‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن له‌باره‌ی په‌روه‌رده‌ی ژینگه‌ییه‌وه‌.

هه‌ر له ‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌سته‌ی ژینگه‌ تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌و گرفتانه‌ی كه‌ تا ئێستاش بوونیان هه‌یه‌ له‌ بواری نه‌بوونی ته‌كنۆلۆژیای ژینگه‌دۆست و ئامێری پێشكه‌وتووی بواری پێوانه‌كردنی وردی بڕی مادده‌ پیسكەره‌كانی ژینگه.‌

له‌كۆتاییدا شاندی میوان به‌ڵێنی هه‌ماهه‌نگیی ڕاسته‌وخۆی له‌ داهاتوودا بۆ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی ژینگه دا‌.