وڵاتی چین پارکێکی مامناوەند لە هەولێر درووستدەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە رێكەوتی ٢٢ی ئابی ٢٠٢٢، عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆكی دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان به ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی فەرمانگەكانی دیوانی دەسته، پێشوازی له شاندێكی كونسوڵخانەی وڵاتی چینی میللی به سەرۆكایەتیی نیرۆچی كونسوڵی گشتیی چین له هەرێمی كوردستان کرد.
لە كۆبوونەوەكەدا كونسوڵی گشتی سوپاسی سەرۆكی دەستەی ژینگەی كرد كه پێشتر سەردانی كونسوڵخانەی وڵاتی چینی میللی كردبوو بۆ خستنەڕووی گرفتە ژینگەییەكان له ناوچەكه و هەرێمی كوردستاندا.
هەر لە میانی كۆبوونەوەكەدا كونسوڵی گشتی بەڵێنی دا كه پاركێكی مامناوەندی ژینگەیی له شاری هەولێر، لەسەر ئەركی وڵاتی چین درووستبكەن و بەردەوامیشی لەئەستۆ بگرن. بۆ ئەم مەبەستەش هەر ئەمڕۆ سەرۆكی دەستەی ژینگه نووسراوێكی ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی كرد بۆ تەرخانكردنی شوێن و ڕێکارەکانی.