سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ژینگه و باڵیۆزی ژینگه‌ی به‌ریتانیا چه‌ند پرسێكی ژینگه‌ییان تاوتوێ كرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشه‌ممه ڕێكه‌وتی ٣١ ی ئایاری٢٠٢٢ ئه‌ندازیار عه‌بدولڕه‌حمان سدیق سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیی كرد له جانێت رۆگان باڵیۆزی ژینگه‌ی بهريتانیا بۆ وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌فریقیا كه هاوڕێ له‌گه‌ڵ دێڤید هانت كونسوڵی به‌ریتانیا له هه‌رێم سه‌ردانی ده‌سته‌ی ژینگه‌یان كرد.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌و ئه‌ركانه كرا كه عێراق و هه‌رێمی كوردستان له به‌ڵگه‌نامه‌ی پشكدارییه نیشتمانییه‌كان (ئێن دی سی) دا پێیانه‌وه پابه‌ندن ، هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشییان بۆ ده‌سته‌ی ژینگه هه‌بوو كه توانیویه‌تی له‌ماوه‌ی ڕابردوودا چه‌ند خاڵێكی به‌رچاوی نێو به‌ڵگه‌نامه‌كه جێبه‌جێ بكات.
له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه هانی ده‌سته‌ی ژینگه‌ی دا كه زیاتر په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئاژانسه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی تایبه‌ت به ژینگه‌و گه‌شه‌پێدان په‌ره پێبده‌ن.
له‌لای خۆشییه‌وه كونسوڵی به‌ریتانیا ئاماژه‌ی به‌و به‌ڵێنه‌ی پێشووی خۆی دا كه له‌باره‌ی یارمه‌تیدانی تاقیگه‌كانی ده‌سته‌ی ژینگه‌وه له‌ڕووی ئامێری پێشكه‌وتوو بۆ پێوانه‌كردن دابووی، دڵنیاییشی دا كه جێبه‌جێی ده‌كات.