سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ژینگه پێشوازیی له كونسوڵی گشتیی ده‌وڵه‌تی ئیمارات كرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشه‌ممه ڕێكه‌وتی ٢٢ ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٢، عه‌بدولڕه‌حمان سدیق سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیی كرد له ئه‌حمه‌د ئیبراهیم زاهیری كونسوڵی گشتیی ده‌وڵه‌تی ئیمارات له هه‌رێمی كوردستان.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ژینگه ئاماژه‌ی به‌ژماره‌ی ئه‌و شوێنانه كرد كه له‌هه‌رێمی كوردستان پاڵێوراون ببنه پارێزراوی سروشتیی و ، باسی له هه‌وڵه‌كانی ده‌سته‌ی ژینگه‌ش كرد كه تا ئێستا توانیویه‌تی له ماوه‌ی چه‌ند مانگێكدا لیژنه‌ی باڵای پارێزراوه سروشتییه‌كان پێكبهێنێت له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم و هه‌روه‌ها لیژنه‌ی پارێزراوه سروشتییه‌كانیشی له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا و ئیداره سه‌ربه‌خۆكاندا پێكهێناوه و ئێستاش له قۆناغی پێكهێنانی لیژنه‌ی ئیداره‌دانی پارێزراوێكی سروشتییه‌كانه.
له لای خۆشییه‌وه كونسوڵی گشتیی ده‌وڵه‌تی ئیمارات تیشكی خسته سه‌ر ئه‌زموونی ئیمارات له بواری پارێزراوه سروشتییه‌كان و ئاماده‌یی نیشاندا بۆ سازكردنی كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له نێوان وه‌زاره‌تی گۆڕانكاری كه‌ش و هه‌وا و ژینگه‌ی ئیمارات و ده‌سته‌ی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئاماده‌كردنی یاداشتنامه‌یه‌كی له‌یه‌كگه‌یشتن له بواری په‌ره‌پێدان به ژماره‌یه‌ك له پارێزراوه سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.