Skip to the content

ڕێنمایی ژمارە (٣) ی ساڵی ٢٠٢١ تایبەت بە سەربڕخانەكان لە هەرێمی كوردستان-عێراق ده‌رچوو


هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-  ڕێنمایی ژمارە (٣) ی ساڵی ٢٠٢١،  تایبەت بە سەربڕخانەكان لە هەرێمی كوردستان-عێراق، لەبەر ئەوەی گۆشت لە پێداویستییەكانی رۆژانەی هاووڵاتیانە و پێویستە بە خاوێنی بگاتە دەستیان كە لە سەربڕخانەكانەوە ئامادە دەكرێت . بۆ كۆنترۆڵكردنی سەربڕخانەكان و پابەندییان بە پاك و خاوێنی شوێنەكە و لە ژێر چاودێری پزیشكی ڤێتەرنەری و چارەسەركردنی پاشماوەكانی سەربڕخانەكان ، رێنمایی ژمارە ٣ ی ساڵی ٢٠٢١ لەلایەن دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە دەرچوو . 

پشت بەست بە حوكمەكانی ماددەی  (دەیەم) لە یاسای دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەلە هەرێمی کوردستان-عێراق ژمارە (٣) ی ساڵی (٢٠١٠) و حوكمەكانی ماددەی (چل و پێنج) لە یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان-عێراق ژمارە (٨) ی ساڵی ٢٠٠٨، ئەم ڕێنماییەی خوارەوەمان دەركرد :
ڕێنمایی ژمارە (٣) ی ساڵی ٢٠٢١
ڕێنمایی تایبەت بە سەربڕخانەكان لە هەرێمی كوردستان-عێراق 
پێناسەكان
ماددەی (١):
 یەکەم :دەستە : دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە  لە هەرێمی كوردستان – عێراق .    
دووەم :فەرمانگە: فەرمانگەی كاروباری هونەری و فەرمانگەی ژینگەی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان.
سێ یەم : سەربڕخانە : ئەو دامەزراوە  مۆڵەت  پێدراوەیە كە بە ئامێری نوێ و پێشكەوتوو ئامادەكراوە بەپێی ئەو مەرج و مواسەفاتەی لەلایەن لایەنە پەیوەندارەكانەوە دیاریكراون بۆ ئەنجامدانی پشكنین و كوشتنەوەی ئاژەڵ و پەلەوەرەكان بۆ دڵنیابوون لە گونجاوی گۆشتەكەیان بۆ بە كارهێنانی مرۆیی . 
چوارەم : پاككردنەوە (تعقیم) :  لەناوبردنی پیسبوون و هۆکارەکانیەتی لە ئامێر و كەل و پەل و دەفرەکان كە لە سەربڕخانە بەکار دەهێنرێن. 
پێنجەم : پاككردنەوە (تطهیر و تنظیف) : لەناوبردنی پیسبوون یان رێژەیەک لە زیانبەخشەکان لەسەر زەوی و دیوارو بنمیچی سەربڕخانە و ئامێرەكانی تیایدا بەکار هاتوون  .     
شەشەم : تاقیگە : شوێنێكە لە ڕووی هونەریەوە بە كارمەندی پسپۆڕ  و ئامێری پێویست دابین كراوە، بۆ ئەنجامدانی شیكردنەوە و تێستی كارگەیی بۆ دڵنیابوون لە گونجاوی گۆشتەكان بۆ بەكارهێنانی مرۆیی .  
حەوتەم:  پاشەڕۆ شلەكان : خوێن و ئەو ماددە شلانەیە كە لە ئەنجامی كوشتنەوە و شوشتن و پاككردنەوە و خاوێنکردنەوەی سەربڕخانەکە پەیدا دەبن.
هەشتەم : پاشماوە ڕەقەكان : بریتیە لە پاشماوەی كرداری كوشتنەوە و ئەو پارچانەی نەگونجاون بۆ بەكارهێنانی مرۆیی و گۆشتە دوورخراوەكان و پێستە و پەڕەكانیان .   
نۆیەم : ئاژەڵە فەوتاوەكان : ئەو ئاژەڵ و پەلەوەرانەن كە لەبەر توشبوونیان بە نەخۆشی لەناو دەچن  .
دەیەم : گۆشتە دوورخراوەكان : ئەو گۆشتانەی گونجاو نین بۆ بەكار هێنانی مرۆیی دوای ئەنجامدانی پشكنین لەلایەن پسپۆرەكانەوە .   
 
ئامانجەكان  
ماددەی (٢) :
گەشەپێدانی ئەم رێنماییانە بۆ رێکخستنی کار لە سەربڕخانەکان  بۆ گەرەنتی وەدیهێنانی مەرج و بەرزەفتكارییەكانی ژینگەییە بۆ پارێزگاریكردن لە ژینگەیەكی سەلامەت و تەندروست بۆ هاووڵاتی .   
سنووردارکردنی شوێنەكان
ماددەی (٣) :
لەسەربڕخانەکان ئەم مەرجانە پێویستن:
 یەکەم : شوێنی سەربڕخانەكان پێویستە لە سنووری شارەوانی شارە گەورەكان (٥) پێنج كیلۆ مەتر و لە قەزاو ناحیەكان (٢) دوو كیلۆمەتر و لە كۆمەڵگەی نیشتەجێ بوون و گوندەكان (١) یەك كیلۆ مەتر دووربێت، لەگەڵ ڕەچاوكردنی ئاڕاستەی باوی با لە ناوچەكە .                                                                                           
 دووەم : دووری شوێنی سەربڕخانەكە لە هەر سەرچاوەیەكی ئاوەوە لە  (١) یەک كیلۆمەتر کەمتر نەبێت .  
 سێ یەم دووری شوێنی سەربڕخانەكە لەو كارگە و پڕۆژانەی بۆنی ناخۆش یان گازی ژەهراوی یان هەر پیسکەرێکی تری  لێ دەردەچێت كە كاریگەری لەسەر سەلامەتی و گونجاوی گۆشتەكان بۆ بەكار هێنانی مرۆیی هەیە، لە (٥٠٠) پێنج سەد مەتر كەمتر نەبێت .
چوارەم : ڕەچاوی ئاسانکاری گەیشتن بۆ شوێنی سەربڕخانەكان بكرێت، بەشێوەیەک بێت زەویەكە تەخت و وشك بێت دوور بێت لە دۆڵ و شیو و گۆماوەكان .
پێنجەم: ڕووبەری سەربڕخانەكە لەگەڵ قەبارەی كارەكە و بڕی بەرهەمەكە گونجاو بێت .
شەشەم : شوێنی سەربڕخانەكە سەرچاوەیەكی هەمیشەیی وزەی كارەبا و ئاوی گونجاو بۆ بەكارهێنانی مرۆیی و خزمەتگوزاریە لاوەکیەكانی تر هەبێت لەگەڵ ژمارەیەكی تەواو لە پاركی ئۆتۆمبیل بۆ ئەوانەی سەردانی سەربڕخانەكە دەكەن لە هاووڵاتی و خاوەن كێڵگەكان  .
حەوتەم : پێویستە  دووری شوێنی سەربڕخانەكە لە  دامەزراوە خۆراكیەكان لە (٥٠٠) پێنج سەد مەتر كەمتر نەبێت .
پێداویستیە ژینگەییەكان
ماددەی (٤) :
 پێویستە لە بینای سەربڕخانەكان ئەم مەرجانە هەبێت :                                                              
یەکەم: بەكارنەهێنانی ئەسبێست یان هەر ماددەیەك كە ئەسبێست لە پێكهاتەكەی دا هەبێت یان هەرماددەیەكی تری  زیانبەخش. 
دووەم: پێویستە قۆناغەكانی بەرهەمهێنانی سەرەكی لەیەكتر جیا بكرێنەوە وەكو ( كوشتنەوە، پەڕلێكردنەوە، كەوڵ كردن، لابردنی ڕیخۆڵە و هەناو، پارچەپارچە كردن، ساردكردنەوە، بەرگ كردن و كۆگا كردن ) وە پێویستە شوێنی كۆگاكردن بەتەواوی جیاكرابێتەوە و هەواگۆڕكێی باش و ڕووناكی بۆ دابین بكرێت، پاراستنی گۆشتەكان لە ژووری ساردكراوەدا .
سێ یەم:  شوێنی پشوودانی كارمەندان و دەستشۆرەكان لە شوێنی جیاكراوە بن ، ڕاستەوخۆ بەڕووی شوێنی گۆشتەكان نەكرێنەوە .
چوارەم: پێویستە زەوی ناو سەربڕخانەكە بەجۆرێکی  باشی کاشی  ڕووپۆش كرابێت و بەرگری لە ترشەلۆکەكان بكات و توانای هەڵمژینی شلەمەنیەكانی نەبێت وە  دژە هەڵخلیسكان بێت،باشترە کاشی یان سیرامیکی زبر بێت و بەرگریەكی زۆری داخوران بكات یان لە كۆنكرێتی شیش دار بێت و بە ماددەیەكی نەگەیەنەری بەرگە گر ڕووپۆش كرابێت، و سلۆپێكی گونجاوی هەبێت بۆ كۆنەبوونەوەی ئاوی شوشتن و پاشەڕۆكان .
پێنجەم: پێویستە دیوارەكان بە كاشی سیرامیك ڕووپۆش بكرێت توانای هەڵمژینی نەبێت و هیچ درزێكی تێدا نەبێت و بەبەرزیەكی گونجاوبێت بۆ پڕۆسەی بەرهەمهێنان و لەگەڵ دیزاینی ئامێرەكان گونجاو بێت و ژمارەیەك پەنجەرەی تێدابێت . 
شەشەم: دابین كردنی هەوا گۆڕكێی گونجاو لە رێگای پەنجەرەكان كە لە هەموو لایەكی سەربڕخانەكە هەبێت ، وە دەبێت ڕێگربێت لە هاتنە ژوورەوەی مێش و مەگەز و قرتێنەرەكان .
حەوتەم:  بیناكە چەند دەرگایەكی فریاكەوتنی هەبێت و ڕاستەوخۆ بۆ دەرەوە بكرێنەوە وە پێویستە بەباشی دابخرێن لەكاتی ئاساییدا .
هەشتەم:  لەبەردەم دەرگاكاندا شوێنی پاككردنەوەی پێڵاوی كارمەندان بە ماددەی خاوێنكەرەوە دابین بكرێت لە كاتی چوونە ژوورەوەیان .
نۆیەم: دابینكردنی ئاوی تەواو كە پێویستە بە توندی (فشار) دەرچێت و بە پێی مواسەفات و پێوەرەكان بێت .
دەیەم: پاككردنەوەی خێرای هەموو شوێنێكی سەربڕخانەكە وە ڕەچاوكردنی پاككردنەوەی ڕۆژانە و پاککردنەوەی ئامێرەكان و زەوی سەربڕخانەكان  و هەر كاتێك پێویست بوو.  
یازدەیەم: دابینكردنی تاقیگەیەكی پسپۆڕی  بۆ ئەنجامدانی پشكنینی پێویست بۆ گۆشتەكان بۆ دڵنیابوون لە گونجاوێتیان .
دوازدەیەم: دروست كردنی پەرژینێك لە دەوری پڕۆژەكە كە بەرزیەكەی لە (٢) دوو مەتر كەمتر نەبێت .
سێزدەیەم: دابینكردنی ڕێژەی سەوزایی (٢٥%) لە سەدا بیست و پێنجی رووبەری سەربڕخانەکە  بە چاندنی دوو ڕیز داری بەرز و هەمیشە سەوز . 
 
 
 
ماددەی (٥)
چارەسەركردنی  پاشەڕۆی سەربڕخانەكان بەم شێوەیە دەبێت :
یەكەمــ پاشەڕۆ شلەكان : 
أ‌.       چارەسەركردنی سەرەتایی
١. جیاكردنەوەی ماددە رەقەكان كە قەبارەیان تا رادەیەک  گەورەیە لە ڕێگەی تۆڕی ئاسنین كە ژەنگ هەڵنەهێنێت .    

٢. ئامادەكردنی حەوزێكی تایبەت بۆ ئامادەكردنی ڕۆن و چەورییەكان كە بە ڕێگەی میكانیكی بان دەست لادەبرێن بە پێی قەبارەی بەرهەمهێنانی سەربڕخانەكە بەشێوەیەك ڕۆن چەورییەكان نەچنە قۆناغی دواتر.

٣. حەوزی نیشتن: حەوزێك یان زیاتر ئامادە دەكرێت بە پێی قەبارەی بەرهەمهێنانی سەربڕخانەكە، وە بە پێوانەی گونجاو بۆ ئەوەی هەموو ماددە رەقەكان كە لەگەڵ ئاوەڕۆكەدان بنیشن، وەكاتی نیشتنەوەی ئاوەكە لە دوو كاتژمێر كەمتر نەبێت، دوای كرداری نیشتن ئاوەكە ڕێگەی پێدەدرێت بچێتە رێڕەوی ئاوەڕۆ بەمەرجێك بە پێی مواسەفاتی كارپێكراو بێت.

ب‌.  چارەسەری بایۆلۆجی: كە بەچارەسەری لاوەكی دەناسرێت بە دوو قۆناغ پێكدێت:
١. چارەسەری لاوەكی: هەموو ئاوی پاشەڕۆكان لە حەوزی نیشتنەوە دەردەچێت، لە حەوزێك كۆدەكرێتەوە بە بەقەبارەیەك گونجاو بێت لەگەل توانای بەرهەمهێنان بەمەرجێك بۆ چارەسەری بایۆلۆجی ماوەی ڕاگرتنی ئاو لە حەوزەكەدا لە شەش كاتژمێر كەمتر نەبێت. 

٢. قۆناغی نیشتنی لاوەكی: ئاوەكان دوای حەوزی هەوا گۆڕكێ بە حەوزی نیشتنی لاوەكی تێدەپەرێت، كە قەبارەكەی لەگەڵ توانای بەرهەمهێنان گونجاو بێت و ماوەی ڕاگرتنی لە دوو كاتژمێر كەمتر نەبێت.

٣. حەوزی وشك كردنەوەی قوڕەكە (سلاج) : هەموو ئەو ماددە ڕەقانەی لە حەوزی نیشتنی سەرەتایی و لاوەكی ماونەتەوە بە ئامێر وشك دەكرێنەوە دواتر وەكو هەر پاشماوەیەكی رەقی تر چارەسەر دەكرێت. 

ج. قۆناغی پاككردنەوە (تعقیم):
١. ئەو ئاوەڕۆیەی لە قۆناغی چارەسەری بایۆلۆجیەكە لە بڕگەی (ب) سەرەوە دەردەچێت بە حەوزێكی تردا تێ دەپەڕێت بۆ ماوەی كەمتر نەبێت لە نیو كاتژمێر بمێنێتەوە لەگەڵ بوونی ماددەی پاككردنەوە .

٢. خاڵی دەرچوونی كۆتایی : خاڵی دەرچوونی پاشماوەی سەربڕخانەكان لە شوێنی وەرگرتنی ئاو بۆ وێستگەی پاكردنەوەی ئاوی خواردنەوە لە (٣)سێ كیلۆ مەتر كەمتر نەبێت ئەگەر خاڵی دەرچوون لە سەرووی خاڵی وەرگرتنی ئاو بۆ وێستگەی پاككردنەوەی ئاوی خواردنەوە بوو  وە لە (١) یەک كیلۆمەتر كەمتر نەبێت ئەگەر لە خوارەوەی خاڵەكە بوو .  

د- چارەسەری خوێن : خوێن لە یەكەی كوشتنەوەدا  جیادەكرێتەوە بە كەناڵێكی تایبەت و لە حەوزێكی تایبەت كۆدەكرێتەوە و دەگوازرێتەوە بۆ كارگەی دروستكردنی پەینی ئۆرگانی ، ئەگەر كارگەی دروستكردنی پەین نەبوو ئەوا لە بێرنەری سەربڕخانەكە دەسووتێنرێت .

دووەم : چارەسەری پاشماوەی ڕەق و شێوە ڕەقی سەربڕخانەكان :
أ.چارەسەركردنی پاشماوەی رەق و شێوە ڕەقی سەربڕخانەكان بەم شێوەیە دەبێت :
١. پاشماوە ڕەقەكان كە لە هۆڵەكانی كوشتنەوە و تۆڕی وێستگەی چارەسەركردن دەمێنێتەوە ، ڕۆژانە كۆدەكرێتەوە و لە شوێنی جیاكراوە و داپۆشراو دادەنرێت بۆ سووتاندنیان لە بێرنەری تایبەت بە سەربڕخانە یان فڕێدانی لە شوێنی بنگڵكردنی دیاری كراو بە فەرمی .  

٢. هەموو فەوتاوەكان یان پارچەكانی تێکچوو  و نەخۆشی ئاژەڵ و پەلەوەر لە سووتێنەری تایبەت بە سەربڕخانە دەسووتێنرێت.

٣. پاشماوە نیشتووەكان كە لە قۆناغی نیشتەنی سەرەتایی و لاوەكی و لە حەوزەكانی وشككردنەوەی ئاسایی یان میكانیكی چارەسەركراون  وەكو پەینی كشتوكاڵ دەتوانرێت بەكاربهێنرێت، هەروەها دەتوانرێت لە شوێنی فڕێدانی پاشماوەكان فڕێ بدرێن یان بسووتێنرێن .

٤. رۆن و چەورییەكان كە لە وێستگەی چارەسەركردن دەردەچن دەتوانرێت لە كارگەكانی پەینی ئۆرگانی سوودی لێ وەربگیرێت ، بەڵام پارچەكانی تر یان پاشماوەكانی تر لە سووتێنەر دەسووتێنرێت .

ب-  مواسەفاتی سووتێنەرەكان ئەمانەی خوارەوەن:
١. توانای سووتێنەرەكە گونجاو بێت لەگەڵ توانای بەرهەمهێنانی سەربڕخانەكە، لەگەڵ هەبوونی سووتێنەرێكی تری یەدەگ بۆ ئەو كاتانەی سووتێنەری یەكەم لەكاردەكەوێت .   ٢.سووتەمەنی سووتێنەرەكە نەوتی سپی یان گازی شل دەبێت .

 ٣. شوێنی سووتێنەرەكە لەناو پەرژینی سەربڕخانەكە دەبێت لەگەڵ رەچاوكردنی ئاڕاستەی باوی با لە ناوچەكە .

 ٤. سووتێنەرەكە فلتەری تایبەتی بۆ دابین بكرێت بۆ ڕێگریكردن لە دەرچوونی بۆن و دووكەڵ .

٥. رەچاوکردنی بەرزی دووكەڵكێش و توانای بەرهەمهێنانی سەربڕخانەكە و  پرۆژەكانی دەوروبەری ، لەگەڵ ڕەچاوكرنی تۆپۆگرافی ناوچەكە ، پێویستە بەرزیەكەی لە ئاستێكی تەواو دا بێت بۆ بڵاوكردنەوەی دووكەڵ لەگەل تەوژمی بادا .

سەرەڕای ئەوەی لەم رێنماییەدا هاتووە، لەسەر سەربڕخانەکان پێویستە پابەندبن بەو یاسا و رێنماییانەی کە لەلایەنی پەیوەندیدار دەرچوون .
حوكمە كۆتاییەكان
ماددەی (٦) : یەکەم : دەستەو فەرمانگەكانی لە رێگەی تیمەکانی پشکنین و چاودێری هەڵدەستن بە چاودێریكردنی بەردەوام بۆ ئاوەڕۆی سەربڕخانەكان بۆ دڵنیابوون لە ڕێكبوونی لەگەڵ مواسەفاتی ژینگەیی كارپێكراو .
دووەم: دەستەو فەرمانگەكانی هەڵدەستن بە چاودێریكردنی بەردەوام بۆ پاشماوەی ماددە ڕەقەكان و كاری سووتێنەرەكان لە سەربڕخانەكاندا.
سێیەم: ئەنجامدانی پشكنینی ڤێتێرنەری پێش و دوای كوشتنەوە لە لایەن پزیشكی ڤێتێرنەری ڕێپێدراو لەسەربڕخانەكە، دوای پشكنین ئەو رێگە دەدات بە گونجاوی گۆشتەكان بۆ مەبەستی بەكارهێنانی مرۆیی. 
ماددەی (٨) :
سەرپێچیكاری ئەم رێنماییانە سزا دەدرێت بەپێی یاسایی ژمارە (٨)ی ساڵی٢٠٠٨ ی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان – عێراق وە یاساکانی تری بەرکار لە هەرێم .  
ماددەی (٩) :
کار ناکرێ بەهەر رێنماییەک کە پێچەوانەی حوکمەکانی ئەم رێنماییانە بێت .
ماددەی (١٠) :
ئەم ڕێنماییە لە رۆژی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی (وەقایعی كوردستان ) كاری پێ دەكرێت .