Skip to the content

كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی ئه‌نجوومه‌نی ده‌سته‌ی ژینگه‌ بەڕێوەچوو

هەولێر،هەرێمی كوردستان،عێراق (gov.krd)- سه‌رۆكی ده‌سته‌ سه‌رپه‌رشتیی كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی ئه‌نجوومه‌نی ده‌سته‌ی ژینگه‌ی كرد و ڕێنمایی تایبه‌ت به‌دانانی ده‌رچووانی به‌شی ژینگه‌ وه‌ك چاودێری ژینگه‌یی له‌ پڕۆژه‌كاندا ئاماده‌ كرا.
 ڕێكه‌وتی 7/3/2022 ئه‌ندازیار عه‌بدولڕه‌حمان سدیق سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان سه‌رپه‌رشتیی كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی ئه‌نجوومه‌نی ده‌سته‌ی ژینگه‌ی كرد.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌م ته‌وه‌رانه‌ كراو بڕیاری پێویستییان له‌باره‌وه‌ درا:
یه‌كه‌م: له‌به‌ر ڕۆشنایی پێشنیازی ده‌سته‌ی ژینگه‌ و ، ڕه‌زامه‌ندیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ، ڕێنمایی تایبه‌ت به‌ دانانی ده‌رچووانی به‌شی ژینگه‌ وه‌ك چاودێری ژینگه‌یی له‌ پڕۆژه‌كاندا ئاماده‌ كراو ، له‌ نزیكترین ماوه‌شدا له‌ وه‌قایعی كوردستاندا بڵاو ده‌كرێته‌وه‌.
دووه‌م: ئاماده‌كردنی ڕێبه‌ری ژینگه‌یی بۆ ڕاپۆرته‌كانی هه‌ڵسه‌نگاندنی ژینگه‌یی و ، دابه‌شكردنی به‌سه‌ر فه‌رمانگه‌كانی ژینگه‌ له‌ پارێزگاو ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكاندا.
سێیه‌م: ئاماده‌كردنی نووسراوێك بۆ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌باره‌ی مامه‌ڵه‌كردنی یاساییانه‌ له‌گه‌ڵ واقیعی ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه‌ له‌ ڕابردوودا ته‌واو كراون و ، به‌ ڕەزامه‌ندیی ژینگه‌دا تێپه‌ڕ نه‌بوون.
چواره‌م: تیشك خستنه‌ سه‌ر گرفته‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانی هه‌ندێك له‌ فه‌رمانگه‌كان و ، دانانی ڕێگه‌چاره‌ی گونجاو بۆیان.