Skip to the content

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ژینگه‌ سه‌ردانی وه‌زیری كاره‌بای هه‌رێمی كوردستانی كرد

هەولێر،هەرێمی كوردستان،عێراق (gov.krd)- سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ژینگه‌ سه‌ردانی وه‌زیری كاره‌بای هه‌رێمی كوردستانی كرد و گفتوگۆ ده‌رباره‌ی پابه‌ندییه‌ ژینگه‌ییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرا. 
 ڕێكه‌وتی 9/5/2022 ئه‌ندازیار عه‌بدولڕه‌حمان سدیق سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی وه‌زاره‌تی كاره‌بای كرد و ، له‌لایه‌ن (كه‌مال محه‌مه‌د)  وه‌زیری كاره‌بای هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌به‌ڕێوه‌رانی وه‌زاره‌ت پێشوازیی لێكرا،
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌پابه‌ندییه‌ ژینگه‌ییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرا له‌چوارچێوه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌ی پشكدارییه‌ نیشتمانییه‌كان و ڕێكه‌وتننامه‌ی پاریس كه‌ له‌كۆتایی ساڵی پاره‌وه‌ عێڕاق تێیدا بووه‌ته‌ ئه‌ندام.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ژینگه‌ ده‌ستخۆشیی له‌و پڕۆژه‌ ژینگه‌دۆستانه‌ی وه‌زاره‌تی كاره‌با كرد كه‌ هه‌ندێكیان ته‌واوكراون و هه‌ندێكیشیان كاركردن تیایاندا به‌رده‌وامه‌ و كردنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی وزه‌ نوێبووه‌وه‌كانی وه‌زاره‌تی كاره‌باشی به‌رز نرخاند و هیوای زیاتر به‌ره‌و پێشچوونی بۆ خواستن.
له‌ كۆتاییدا سه‌رۆكی ده‌سته‌ ڕایگه‌یاند به‌ هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی WFP و ده‌سته‌ی ژینگه‌ و نوێنه‌رانی وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، بۆردێك پێكده‌هێنرێت بۆ ئه‌ژماركردنی بڕی كه‌مكراوه‌ی گازه‌ گه‌رمكه‌ره‌كان له‌ڕێگه‌ی ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه‌ دۆستی ژینگه‌ن و له‌هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌نجام ده‌درێن.