قەدەغەكردنی بازرگانیكردن بە ئاژەڵ و باڵندەی كێوی گفتوگۆی له باره‌یه‌وه كرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٩ ی ئایاری ٢٠٢٢ ئه‌ندازیار عه‌بدولڕه‌حمان سدیق سه‌رۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان سه‌رپه‌رشتیی كۆبوونەوەی هاوبەشی وەزارەتی ژینگەی عێراقی فیدڕاڵ و نوێنه‌رانی ده‌سته‌ی ژینگه و وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كانی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ باسكردن له چۆنییه‌تی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنامەی(سایتس)ی تایبەت به قەدەغەكردنی بازرگانیكردن بەو ئاژەڵ و باڵندە كێوییانه‌ی كه هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچوونیان له‌سه‌ره.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه سه‌رۆكی ده‌سته باسێكی گشتیی له‌سه‌ر ڕێككه‌وتننامه‌كه كرد و پێویستیی پابه‌ندبوونی هه‌مووانیشی پێیه‌وه به گرنگ زانی ، دواتریش نوێنەری وەزارەتی ژینگەی عێراقی فیدڕاڵ باسی له گرنگیی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنامەی سایتس كرد بۆ هێشتنەوەی باڵندە و ئاژەڵە كێوییەكان.
له كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا بۆ ئەوەی هەمووان بتوانن بڕگەكانی نێو ڕێككەوتنامەكه وەك خۆی جێبەجێ بكه‌ن، گفتوگۆیه‌كی كراوه لەلایەن بەشداربووانی كۆبوونەوەكە به‌ڕێوه‌چوو .