سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ژینگه پێشوازیی له شاندێكی مامۆستایانی ئاینیی كرد
هەولێر،هەرێمی كوردستان،عێراق (gov.krd)- رۆژی یەكشەممە رێكه‌وتی ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، عه‌بدولڕه‌حمان، سدیق سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیی له‌شاندێكی مامۆستایانی ئاینیی كرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا باس له‌پڕۆژه‌ی له‌بری سه‌وزكردن كرا، كه فه‌رمانگه‌كانی ژینگه له پارێزگا و ئیداره سه‌ربه‌خۆكاندا ئه‌نجامی ده‌ده‌ن له‌ڕێگه‌ی پابه‌ندكردنی خاوه‌نی ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه پڕۆژه‌كانیان بوونه‌ته واقیع، به‌ڵام له‌كاتی خۆیدا ئه‌و رووبه‌ره‌یان له‌پڕۆژه‌كانیان سه‌وز نه‌كردووه كه پێشتر به‌ڵێنی جێبه‌جێكردنیان داوه ، بۆیه فه‌رمانگه‌كانی ژینگه هه‌مان رووبه‌ریان پێ سه‌وز ده‌كه‌ن له داموده‌زگا فه‌رمییه‌كاندا و ، پابه‌ندیشیان ده‌كه‌ن به‌ئاودان و پاراستنیان.
شاندی زانایان داوایان له‌ده‌سته‌ی ژینگه كرد كه مزگه‌وته‌كانیش بخرێنه نێو ئه‌و پڕۆژه‌یه به‌ئامانجی سه‌وزكردنی ئه‌و رووبه‌ره‌ی كه له مزگه‌وته‌كاندا بۆ باخچه ته‌رخان كراون، به‌ڵام تائێستا سه‌وز نه‌كراون.
له‌لای خۆیه‌وه سه‌رۆكی ده‌سته به‌ڵێنی هه‌موو هاوكارییه‌كانی پێدان به راسپاردنی فه‌رمانگه‌كانی ژینگه له پارێزگا و ئیداره سه‌ربه‌خۆكاندا بۆ هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ به‌رێوه‌به‌رایه‌تیی ئه‌وقافی سنووره‌كانیان.