Skip to the content

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ژینگه‌ سه‌رپه‌رشتيی كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایيی ئه‌نجومه‌نی باڵای پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ی كرد

ڕۆژى دووشەمە رێكه‌وتی 16ى كانوونى يه‌كه‌مى 2024، عه‌بدولڕه‌حمان سدیق، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونی ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كانی وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌كان و نوێنه‌ری سه‌رۆكایه‌تيی داواكاری گشتی و به‌ڕێوه‌به‌رانی فه‌رمانگه‌كانی ژینگه‌، له‌ دیوانی ده‌سته‌ و پارێزگه‌ و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان، سه‌رپه‌رشتيی كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایيی ئه‌نجومه‌نی باڵای پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستانی كرد.
ته‌وه‌ری سه‌ره‌كيی كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ خستنه‌ڕووی ئه‌و هۆكارانه‌ی بوونه‌ته‌ هۆی پیسبوونی هه‌وا و ده‌ستنیشانكردنی ڕێگه‌چاره‌كان.
له‌ كۆی گوته‌ی ئاماده‌بووان ژماره‌یه‌ك ڕێكار به‌ په‌سه‌ند زانران، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاری خێرا و هه‌نووكه‌ییان له‌باره‌وه‌ بدات و ده‌سه‌ڵاتی ته‌واویش بدرێته‌ فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ جێبه‌جێكردنی ته‌واوی ڕێنماییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ كوالێتيی هه‌وا.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا ڕۆڵی به‌رچاوی ڕێكخراوه‌ ژینگه‌ییه‌ كاراكانی كوردستان به‌رز نرخێنرا، له‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆشنبيريى ژينگه‌يى له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندندا.