Skip to the content

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی دەستەی پاراستن و چاككردنى ژینگە بەڕێوەچوو

ڕۆژی سێشەممە ٢٢ى نيسانى ۲۰۲٥، بە ئامادەبوونی عه‌بدولحه‌کیم خه‌سرۆ، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە و بەڕێوەبەرانی فەرمانگەکانی دیوان و پارێزگه‌ و ئیدارە سەربەخۆکان، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی دەستەی پاراستن و چاككردنى ژینگە بەڕێوەچوو بەڕێوەچوو.
سەرەتای کۆبوونەوەکە عه‌بدولحه‌کیم خه‌سرۆ سوپاسی سەرۆکی پێشووی دەستەی ژينگه‌ى کرد لەپاى به‌ڕێوه‌بردنى دەستەکە و دەرکردنی چەندین ڕێنمایی و چوارچێوەی یاسایی، بۆ ڕێکخستنی ئیشوکارەکان و دەستخۆشی لە ئەندامانی ئەنجومەنەکە کرد، بۆ ئەو خزمەتەی پێشکەش بە هاونیشتمانيیان دەکەن، لەڕووی زوو ڕایکردنی مامەڵەکان و کەمکردنەوەی ڕۆتین، هه‌روه‌ها گوتی: پێویستە هەوڵەکان زیاتر بخەنە گەڕ بۆ زیاتر خزمەتی هاووڵاتیيان و ژینگەی کوردستان.
لەلایەکی ديكه‌وه‌ جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەماهەنگيی زیاتر هەبێت لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی تری حکومەت، بۆ ئەو کارانەی هاوبەشن لە ڕووی تایبەتمەنديی ژینگەییەوە و باشترکردنی ڕۆڵی چاودێريی ژینگەیی، لە ڕێگه‌ی تیمەکانەوە، هەروەها ڕایگەیاند: پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی کارەکانی دەستەی ژینگە و کۆکردنەوەی داتا و زانیارییەکان، لە پێشینەی کارەکان دەبێت و پێویستە لەوڕووه‌وه‌ فەرمانگەکان کاری جدی لەسەر بکەن.
لە کۆتایيدا پێشنیازی ناساندنی شارۆچكه‌ى مێرگەسۆر بۆ بوون بە پایتەختی ژینگەپارێزی، پێشکەش کرا و لەلایەن سەرۆکی دەستەوە بڕیار درا لە چوارچێوەی ڕێکارە تەکنیکی و یاساییەکانەوە کاری جدی لەسەر بکرێت.