سەرۆکى دەستەى پاراستن و چاککردنی ژینگە پێشوازى لە وەفدێکى حکومەتى فیدراڵ بۆ ماددەى تیشکاوەرى کرد

ڕۆژى یەکشەممە، ١٧ی ئابی ٢٠٢٥، د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکى دەستهى پاراستن و چاککردنی ژینگە، پێشوازى لە وەفدێکى حکومەتى فیدراڵ بۆ ماددەی تیشکاوەری کرد، بە سەرۆکایەتیى د. حامد معیدى حیال ئەلباهیلی، ئەندامى دەستەى ڕاوێژکاران، لە ئەنجومەنى وەزیرانى حکومەتى فیدراڵ.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق، ڕاوێژکارى ئەنجومەنى وەزیران و نوێنەرى لایەنە پەیوەندارەکانى حکومەتى هەرێم بەشدار بوون؛ باس لە کۆمەڵێک بابەتى تایبەت بە پاککردنەوەى پارێزگهکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لە ماددەى تیشکاوەرى کرا. هەروەها باس لە دانانى پلان و ڕووپێوییەکی گونجاو کرا، بۆ چارەنووس و پاککردنەوەى هەرێمى کوردستان لە ماددەى تیشکاوەرى ئەگەر هەبێت. هەروەها بۆ دڵنیابوونى شوێنى ئەو ماددانەى کەوا كۆگه كراون و دوورن لە هەر پیسبوونێک بە ماددەى تیشکاوەرى.
لە کۆتاییدا بڕیار درا، کارى هەماهەنگى و پێکەوەیی لەنێوان تیمى هەردوولا ئەنجام بدرێت؛ بۆ ئەوەى بە تەندروسترین شێوە ئەو بابەتانەى پەیوەستن بە ماددەى تیشکاوەرى، لە چوارچێوەى ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و پاڵپشت بە یاسا و ڕێنماییەکان، مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.