سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاككردنى ژینگە سەرپەرشتيی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ماددەی تیشکاوەری کرد

ڕۆژی دووشەممە ٢٣ى حوزهيرانى ۲۰۲٥، عهبدولحهکیم خهسرۆ، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، به ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی ناوخۆ، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، گواستنەوە و گەیاندن و تەندروستی، سەرپەرشتيی کۆبوونەوەیەکی فراوانی پەیوەست بە ماددە تیشکاوەرییەکان كرد.
ئەم کۆبوونەوەیە تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ژینگەیی و ئامادەکاری بۆ هەر پێشهاتێکی نەخوازراو و لێكهوتهكانى ئەو گۆڕانکاری و شەڕ و ئاڵۆزییەی ڕووی لە ناوچەکە کردووە، بەپێی ئامێرەکانی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە کە لەهەموو شارەکانی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە دانراون، تا ئێستا هیچ کاریگەری و مەترسیيەکی لەسەر هەرێمی کوردستان نەبووە.