Skip to the content

ڕۆڵی پرۆژەی ڕووناکی لە کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکان و پیسبوونی هەوا

له‌ ڕۆژى جيهانيى ژينگه‌دا، ده‌سته‌ى پاراستن و چاككردنى ژينگه‌ ڕايده‌گه‌يه‌نێت: لابردنی هه‌زار و 260 مۆلیدەی گەڕەکەکان کە یەکسانە بە 17%ـی تەواوی مۆلیدەکانی کوردستان، لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی، کاریگەريی بەرچاوی هەبووە لە کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە. ئەم گۆڕانکارییە بووه‌تە هۆکاری کەمکردنەوەی دەردانی گازە ژەهراوییەکانی وەک دوانەئۆکسیدی کاربۆن و دوانەئۆکسیدی گۆگرد، بە قەبارەی 240 هەزار تۆن لە ساڵێکدا. هەروەها جێگه‌ی باسە لابردنى ئه‌و ژماره‌ مۆلیدەيه‌ یەکسانە بە 250 هەزار ئۆتۆمبێلی سەر شەقامەکان.

لە ڕێگەی گرێبەستی قەرەبووکردنەوەوە، خاوەنى مۆلیدەکان ڕازیبوونە بە کوژاندنەوەی مۆلیدەکانیان، ئەمەش ڕێگه‌خۆشکەر بووە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان و شوێنە بازرگانییەکان، کارەبای 24 کاتژمێری پرۆژەی ڕووناکیيان پێ بگات.

بەدەر لەمەش، لابردنی مۆلیدەکان وایکردووە کە مەترسيی هەبوونی کۆگه‌کانی گازوایل، ژاوەژاو و دووکەڵی نێو گەڕەکەکان نەمێنن. هەروەها ئەمە بووه‌تە هۆکاری کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی بڕی يه‌ك ملیۆن مەترسێجا ئاو، کە بۆ ساردکردنەوەی مۆلیدەکان بەکار دەهێنرا.

ئامانجیش ئەوەیە کە تاکوو کۆتایيی ساڵی 2026 و لەگەڵ گەیشتنی کارەبای 24 کاتژمێری بە تەواوی کوردستان، پرۆژەکە بتوانێت بڕی 1.4 ملیۆن تۆن دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن کەم بکاتەوە. ئەم دەستکەوتە ژینگەییانەی پرۆژەی ڕووناکی، بەشێکن لە ئامانجە بەرفراوانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ژینگەیەکی پاکتر.

ڕۆژی جیهانیی ژینگە پیرۆزبێت.

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە
حکومەتی هەرێمی کوردستان