Skip to the content

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم بەڕێوە چوو

ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، د. عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای پاراستن و چاککردنی ژینگە، بە ئامادەبوونی نوێنەری نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، ئەندامانی ئەنجومەن لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی دیوانی دەستە، فەرمانگەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، سەرپەرشتیی کۆبونەوەی ئەنجومەنەکەی کرد.

کۆبونەوەکە چەند تەوەرێکی لەخۆگرتبوو، کە خستنەڕووی ڕاسپاردەکانی کۆبونەوەی پێشوو و ئەو ڕێکارانەی گیراونەتە بەر بۆ جێبەجێکردنیان، هەروەها بابەتی پێدانی مۆڵەتی سەرەتایی بۆ پرۆژەکان لە دام و دەزگاکانی حکومەت و هەوڵدان بۆ ڕیکخستنەوەیان و هەماهەنگیی لەنێوان دام و دەزگاکانی حکومەت بە یەکخستنی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە.

پرسی وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی لەسەر کەم ئاوی لە هەرێمی کوردستان تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو، پاش گفتوگۆی ئەندامانی ئەنجومەن، لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران کە ڕاپۆرتێک ئامادەبکەن لەسەر ئەم بابەتە و کاریگەرییەکانی پڕۆژەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پاراستنی ئاسایشی ئاو و گلدانەوەی ئاو بۆ مەبەستی پاراستنی ئاسایشی خۆراک و کشتوکاڵ.

هەروەها خستنەڕووی پلانی دەستەی ژینگە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشەنبیریی تاک بۆ ژینگە، بە بەشداریپێکردنی کۆمەڵگای مەدەنی و کەناڵەکانی میدیا و مامۆستایانی ئایینی و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە؛ پلانی ژینگە بۆ ئەم ساڵ بۆ قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان لەسەر بابەتی هۆشیاریی پەروەردەیی باسی لێوە کرا؛ ئینجا ئەنجامدانی کاری هاوبەش لەگەل وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان.

پاشان سەرۆکی دەستە باسی لە پێدانی ڕینمایی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بڵاوکردنەوەیان بۆ زیاتر ڕۆشەنبیرکردنی کۆمەڵگا کردە بڕیاری کۆبوونەوەکە و ڕۆلی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی و سوود وەرگرتن لە هەوڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی خستە ڕوو.

لەکۆتاییدا کۆنفرانسی لایەنەکان لە بەڕازیل و ئامادەکارییەکانی هەرێم بۆ ئەو کۆنفرانسە و هەوڵەکانی بۆ جێگیرکردنی کارە لە پێشینەکانی هەرێم لە نێو بەڵگەنامەی پشکدارییە نیشیمانییەکان (NDC) عێراق، داواکرا کە ڕەچاوی تایبەتمەندیی هەرێم بکرێت لە کۆنفرانسی لایەنەکان و بەڵگەنامە فەرمییەکانی عێراق.