Skip to the content

سەرۆکی دەستەی ژینگە پێشوازی لەشاندێکی باڵای کونسوڵگەری کۆماری چینی میللی کرد

ڕۆژی یەکشەممە ، ٨ی شوباتی ٢٠٢٦، سەرۆکی دەستەی ژینگە لە دیوانی دەستە، پێشوازی لە لیۆ جون کونسولی گشتیی کۆماری چینی میللی و شاندی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا، کە بەڕێوەبەرانی دیوانی دەستە ئامادەی بوون، سەرۆکی دەستە بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد و سوپاسی هەماهەنگی و هاوبەشیپێکردنی هەموو ئەو هەوڵانەی کرد، کەوا لەماوەی ڕابردوو کونسوڵگەری ناوبراو پێشکەشی هەرێمی کوردستانیان کردووە، لەبواری ژینگە و ڕووبەڕووبونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا.

لەبەرامبەردا شاندی ناوبراو سوپاسی سەرۆکی دەستەیانکرد و ڕایگەیاند، لە هەماهەنگی بەردەوام دەبن بۆ سوودوەرگرتن لە گواستنەوەی ئەزموونی وڵاتی چین لە ڕووبەڕووبونەوەی گۆڕانکارییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا و ڕووبەڕووبوونەوەی بە بیابانبوون.

دواتر لەهۆڵی کۆبوونەوەی دەستەی ژینگە، بەئامادەبوونی سەرۆکی دەستە و بەڕێوەبەران، فەرمانبەران و نوێنەری ڕێکخراوەکان لەلایەن شاندەکەوە، دوو بابەت پێشکەشکرا، لەبواری هاوبەشیکردنی ئەزموون لەسەر بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون لە چین، ئەو ڕێکارانەی گیراوەنەتە بەر بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا و کەمکردنەوەی زیانەکان بە پشتبەستن لە شارەزایی ناوەندە ئەکادیمییەکان و توێژەران و زانکۆکان.

شایانی باسە ساڵی ڕابردوو زیاتر لە (٣٠) فەرمانبەری دەستەی ژینگە بەشداربوون لەپڕۆگرامەکانی کۆماری چینی میللی، لە بواری ژینگە، کەش و هەوا، بەبیابانبوون و بەرزکردنەوەی تواناکان؛ لە کۆتاییدا، نوێنەرانی دەستەی ژینگە کەوا بەشداربوون لە پڕۆگرامەکان و وۆرکشۆپەکانی کۆماری چینی میللی، باسیان لە سوود و گرنگی ئەزموونی وڵاتی ناوبراو کرد، بەتایبەت لە گواستنەوەی ئەزموونی سەرکەوتنی ئەو وڵاتە، لە چارەسەرکردنی کێشە ژینگەییەکان و ڕوبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەش و هەوا.