سەرۆکی حکوومەت ستراتیژی وەرچەرخانی دیجیتاڵی ڕاگەیاند
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەت، یەکەمین ستراتیژی وەرچەرخانی دیجیتاڵیی حكوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند.
ستراتیژییەکە لەلایەن فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیارییەوە بە پشتیوانیی وەزارەتی دەرەوە و گەلانی هاوسوود و گەشەپێدانی بەریتانیا، هەروەها بە هاوکاریی نووسینگەی سەرۆکوەزیران و ئادەم سمیسی نێودەوڵەتی و خزمەتگوزاریی دیجیتاڵیی حکوومەتی بەریتانیا پەرەی پێدراوە.
وەرچەرخانی دیجیتاڵی یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆیە حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیارییەوە پابەند بوو بە ڕاگەیاندنی یەکەمین ستراتیژی وەرچەرخانی دیجیتاڵیی حكوومەت، کە ئەم شەش چالاکییە ستراتیژییە سەرەکییانە لەخۆدەگرێت: حوکمڕانیی دیجیتاڵی، ئەندازیاریی دیجیتاڵی، سەرمایەی مرۆیی، بەکارهێنەر وەک چەقی شێوەکارییەکان، ئاسایش و پاراستنی نهێنیی داتاکان و دەستەبەرکردن.
نایاب بوون، لە حکوومەتی دیجیتاڵیدا زۆر گرنگە بۆ هاندانی وەبەرهێنان، پشتیوانیکردنی گەشەکردن و درووستکردنی داهاتوویەکی خۆڕاگر و پارێزراو بۆ هاووڵاتیان. بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی دیدێکی بەرزەخوازە بۆ ئایندەی دیجیتاڵی لە کوردستان. هەروەها، سەرکردایەتی و ستراتیژی دوو پێداویستی سەرەکیین بۆ وەرچەرخانی دیجیتاڵیی سەرکەوتوو لە حکوومەتدا.
ستراتیژیی وەرچەرخانی دیجیتاڵیی بنەمایە بۆ بەدیهێنانی تێڕوانینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. لە ستراتیژییەکەدا، ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە تا ساڵی ٢٠٢٥ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی هێزی تەکنەلۆجیای حوکمڕانی وەک یەکێک لە پێشکەوتووترین حکوومەتە دیجیتاڵییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو. واتە دۆزینەوە و بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکان لەلایەن هاووڵاتییان ئاسان و خێرا دەبێت. ستراتیژییەکە لە ڕێگەی گرتنەبەری تەکنەلۆجیای مۆدێرنەوە، کاغەزکاری ناهێڵیت و کارایی دامەزراوەکان لە خزمەتکردنی بەرژەوەندیی گشتیدا بەرز دەکاتەوە.
بەرپرسانی باڵای حکوومەت، دیپلۆماتکاران، ڕێکخراوە ناحکوومییەکان، کۆمپانیا ناوخۆییەکان، و خاوەنکاران، لە سەرتاسەری هەرێم بەشدارییان لە ڕێوڕەسمەكەدا کرد؛ بۆ زیاتر ئاشنابوون بە گرنگیی وەرچەرخانی دیجیتاڵی و ستراتیژیی وەرچەرخانی دیجیتاڵیی حكوومەتی هەرێمی کوردستان.
هەر لەو بۆنەیەدا، سەرۆكی حكوومەت گوتارێكی پێشكەش كرد و سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری كرد، بۆ پەرەپێدانی ستراتیژییەكە و كاری بەردەوامیان لەسەر پڕۆسەی وەرچەرخانی دیجیتاڵی.
ستراتیژیی وەرچەرخانی دیجیتاڵیی بەشێکە لە هەوڵەکانی چاکسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری دیجیتاڵیدا، بۆ ئەوەی کاراتر و شەفافتر و بەرپرسیارتر بێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانیدا. هەر وەک سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بۆ کرد.