Skip to the content

فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری سیستەمی سکاڵای هاووڵاتییان ڕادەگەیەنێت

فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان سیستەمی دیجیتاڵی سکاڵای هاووڵاتییان ڕادەگەیەنێت. سیستەمەکە دەروازەیەکی فەرمی پێشکەشکردنی سکاڵایە لەلایەن هاووڵاتییانەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. لەپاڵ پێشکەشکردنی سکاڵاشدا، هاووڵاتییان دەتوانن بەدواداچوون بۆ سکاڵاکانیان بکەن و وەڵام و ئەنجامی سکاڵاکانیان لە لایەنی پەیوەندیدارەوە دەست بکەوێتەوە.

سیستەمی سکاڵای هاووڵاتییان بە مەبەستی نزیککردنەوەی هاووڵاتییان لە حکومەتەوە گەشەی پێدراوە، ئەمەش لەڕێگەی کەمکردنەوەی بۆشایی نێوان هاووڵاتییان و حکومەت، بەرزکردنەوەی ئاستی بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی هاووڵاتییان، و ڕێخۆشکردن بۆ زیاتر گەشەسەندنی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. سیستەمەکە ڕێگە بە وەرگرتنی ڕا و بۆچوونی هاووڵاتییان دەدات، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ پێوەرەکانی بانکی جیهانی بۆ پێوانی پێگەیشتنی حکومەتی دیجیتاڵی لە هەر وڵاتێکدا، لەم پێوەرانەش، میکانیزمی بەشداریپێکردنی هاووڵاتییان. چەمک و پلاندانانی ئەم پڕۆژەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران جێبەجێ کراوە، و سیستەمەکە بەتەواوی لەلایەن فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری گەشەی پێدراوە.

سیستەمی سکاڵای هاووڵاتییان ئامرازێکی بەهێزە کە یارمەتی حکومەت دەدات بۆ ڕێکخستنەوەی دۆخی سکاڵا لە هەرێمی کوردستان و دابینکردنی بەرچاوڕوونییەکی باش بۆ دیاریکردنی خاڵی لاواز و دەستنیشانکردنی پێشینەی چارەسەرەکان. سیستەمەکە ڕێگە بە هاووڵاتییان دەدات کەوا سکاڵا لەسەر خزمەتگوزاری یاخود فەرمانبەری حکومەت تۆمار بکەن. سکاڵا ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار دەکرێت. شایانی باسیشە کە زانیاریی هاووڵاتییان بە پارێزراوی و نهێنی دەمێنێتەوە.

لە کاتی پێشکەشکردنی سکاڵا، پێویستە کەسی سکاڵاکار خەڵکی وڵات بێت و تەمەنی لە ١٨ ساڵ کەمتر نەبێت، و هەندێک زانیاریی کەسیی خۆی لەگەڵ‌ سکاڵاکە بنێرێت. هەروەها ئیمەیڵ یان ژمارەی تەلەفۆنی کارای خۆی دیاری بکات لە پێناو ئاگادارکردنەوەی سکاڵاکار لە کاتی چارەسەرکردن یاخود ڕەتکردنەوەی سکاڵاکەی. هەنگاوەکانی تۆمارکردنی سکاڵا بریتین لە پڕکردنەوەی زانیاریی کەسیی سکاڵاکار، هاوپێچکردنی بەڵگەنامەی پێویست، نووسینی وردەکاری سکاڵاکە و دیاریکردنی لایەنی پەیوەندیدار. هەروەها، پێویستە کەسەکە ئیمەیڵەکەی یان ژمارەی تەلەفۆنەکەی پشتڕاست بکاتەوە بۆ وەرگرتنی ئاگاداری سەبارەت بە ڕەوشی سکاڵاکەی.

دوای ئەوەی سکاڵاکە تۆمار کرا، لەڕێگەی ئیمەیڵ یان ژمارەی تەلەفۆن کۆدی پشتڕاستکردنەوە بە کەسی سکاڵاکار دەگات، کە دەتوانێت بەکاری بهێنێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی سکاڵاکەی. جگە لەوەش، هاووڵاتییان دەتوانن بەدواداچوون بۆ دۆخی سکاڵاکانیان بکەن و ئەنجامی سکاڵاکانیان بەدەست بهێنن بە بەکارهێنانی ئیمەیڵ یان ژمارەی تەلەفۆنی تۆمارکراویان لەگەڵ کۆدی سکاڵای دیاریکراو.

سەبارەت بە ڕاگەیاندنی سیستەمەکە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "سیستەمی سکاڵای هاووڵاتییان خزمەتگوزارییەکی گرنگە کە لە ئێستادا بەدیجیتاڵ کراوە. ئەم سیستەمە ئامرازێکی پێویستە بۆ حکومەت و هاووڵاتییان چونکە ڕێگە دەدات بە هاووڵاتییان کەوا دەنگیان ببیسرێت." هەروەها گوتی: "دەستگەیشتنی هاووڵاتییان بە خزمەتگوزاریی ئاسانتر و خێراتر و شەفافتر لە پێشینەی کارەکانی کابینەی منە."

بۆ زانیاریی زیاتر یاخود بۆ پێشکەشکردنی سکاڵا سەردانی دەروازەی سکاڵای هاووڵاتییان بکە کە ئێستا بەردەستە بۆ گشت هاووڵاتییان: سیستەمی سکاڵای هاوڵاتییان (gov.krd)