Skip to the content

فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری سیستەمی نوێی تۆمارکردنی دامەزراوە بازرگانییەکان ڕادەگەیەنێت

فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان سیستەمێکی دیجیتاڵی نوێی تۆمارکردنی دامەزراوە بازرگانییەکان ڕادەگەیەنێت.

سیستەمی دیجیتاڵی تۆمارکردنی دامەزراوە بازرگانییەکان دەبێتە پێکهێنەرێکی گرنگی ئەو پلانە ستراتیژییەی کە ڕاگەیاندراوە لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێزدار مەسرور بارزانی، بۆ بنیادنانی وەرچەرخانی دیجیتاڵی لە سیستەمی بەڕێوەبردن لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.  دروستکردنی ئەم سیستەمەش لە ئەنجامی کاری هاوبەشی نێوان نوسینگەی سەرۆکی حکومەت و نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت و فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری  و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بووە.

بەکار‌هێنانی سیستەمی دیجیتاڵی تۆمارکردنی دامەزراوە بازرگانییەکان لە ڕێگەی پۆرتاڵێکەوە دەبێت کە بەکارهێنانی ئاسانە بۆ سەرجەم بەکارهێنەران، و مەبەستی سەرەکی سیستەمەکە بریتییە لە کەمکردنەوەی تێچووی کات و پارە لە پرۆسەی تۆمارکردنی بازرگانییەکەدا.  سیستەمەکە ڕێگە بە سەرجەم بازرگانییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دەدات کەوا داوای تۆمارکردن پێشکەش بکەن و چاودێری باری پێشکەشکردنەکەشیان بکەن کە لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە پێیان دەگات و خودی سیستەمەکەش چەندین ڕێنمایی پەیوەست بە دروست بەکارهێنانی سیستەمەکەش لەخۆدەگرێت.

یەکێک لە مەبەستە بنچینەیییەکانی پشت دروستکردنی سیستەمی دیجیتاڵی تۆمارکردنی دامەزراوە بازرگانییەکان بریتییە لە ئاسانکردنی تەواوی پرۆسەی تۆمارکردنی هێمای بازرگانی و دامەزراوە بازرگانییەکان، کە دەبێتە هۆکارێکی هاندەر بۆ زیاتر گەشەسەندنی کەرتی بازرگانی لە هەرێمی کوردستاندا.  مێکانیزمی کارکردنی سیستەمەکە بە جۆرێک گەشەی پێدراوە کەوا زانیارییەکانی ناو سیستەمەکە دەتوانرێت هاوبەشی پێبکرێت لەگەڵ دامەزراوە و وەزارەتەکانی دیکەی ناو حکومەتی هەرێمی کوردستاندا و ئەمەش ئەزمونێکی گونجاوتر دەبەخشێت بە بەکارهێنەرانی سیستەمەکە.  لە ماوەی پرۆسەی بەکارهێنانی سیستەمەکەدا،  پۆرتاڵی تۆماری دامەزراوە بازرگانییەکان، ژمارەی یەکەی بێهاوتا (UEN) بۆ هەریەک لە بازرگانییە تۆمارکراوەکان دروست دەکات کە دەبێتە شوناسی ئەو بازرگانییە و دواتر سەرجەم زانیارییەکان توانای ناسینەوەیان هەیە لەلایەن پرۆسەکانی دیکەی حکومەتەوە.

پەیوەست بە ڕاگەیاندنی سیستەمەکەوە، هیوا ئەفەندی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری لە حکومەتی هەرێم، ڕایگەیاند کە "ڕاگەیاندنی سیستەمی تۆمارکردنی دامەزراوە بازرگانییەکان هەنگاوێکی بەرچاوە بەرەو بەدیهێنانی تێڕوانینی حکومەت بۆ داهاتوویەکی پێشکەوتووی دیجیتاڵی و پێکەوەبەستراو. فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری بە تەواوی پابەندە بە جێبەجێکردنی ستراتیژیی و تێڕوانینی دیجیتاڵی سەرۆک وەزیران، بۆ دڵنیابوون لەوەی هاووڵاتییان دەستیان بگات بە خزمەتگوزارییە مۆدێرن و کاراکان و سەرجەم پێداویستییەکانی ئەو خزمەتگوزارییانە."

سەردانی پۆرتاڵی نوێی تۆمارکردنی دامەزراوە بازرگانییەکان بکە لە ڕێگەی سیستەمی تۆمارکردنی دامەزراوە بازرگانییەکان (business.digital.gov.krd)