فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری پەرە بە توانای دیجیتاڵی فەرمانبەرانی حکومەت دەدات
بە مەبەستی بەهێزکردنی توانای دیجیتاڵیی کارمەندانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێشخستنی هەماهەنگی و هاوبەشگەریی دیجیتاڵیی کارا لە دامودەزگاکانی حکومەت، فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵدەستێت بە رێکخستنی خولێکی تایبەت بە ڕاهێنانی ڕاهێنەران(TOT) لەسەر کۆمەڵێک بەرنامە و بابەتی دیجیتاڵیی بنچینەیی.
لە چوارچێوەی بەرنامەی بنیادنانی تواناکان لە فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری، ڕاهێنانەکە تێڕوانین و فێرکاری فراوان لەخۆ دەگرێت لەبارەی بەکارهێنانی ئامراز و بەرنامەکانی بەرهەمهێنانی ئۆفیسی، و جەخت لەسەر گرنگترینیان دەکاتەوە.
خولەکە ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت و بەشداربووان تێیدا لە چەندین وانەی کارا و کاریگەردا بۆ ماوەی سێ کاتژمێر بەشدار دەبن.
ئەم ڕاهێنانە لەبارەی گرنگی پەرەسەندنی توانا و کارامەیی دیجیتاڵییە لە کەرتی گشتیدا و ئەم دەستپێشخەرییە سەرەتا فەرمانبەرانی چەند وەزارەتێک و دامەزراوەیەکی حکومەت دەگرێتەوە، لەوانە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، هەروەها لە پلاندایە ڕاهێنانەکە بەم نزیکانە دامودەزگای دیکەی حکومەتیش بگرێتەوە.
ڕاهێنانەکە جەخت لەسەر پێویستی فەرمانبەرانی حکومەت دەکاتەوە بۆ ئەوەی بەهرەمەند بن لە بەکارهێنانی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی ئۆفیسی و تەکنەلۆجیای تازە.
ئەم ئامرازە دیجیتاڵییانە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکار دێن بۆ ڕێکخستنی دۆکیومێنت، هەماهەنگی و هاوبەشگەری، دروستکردنی خشتە و شیکردنەوەی داتا.
لێهاتوویی لەم ئامرازانەدا دەبێتە هۆی ئاسانکردنی پرۆسەی کارکردن لە دامودەزگاکانی حکومەت و ڕێگەدان بە فەرمانبەران بۆ کارکردن بە شێوەیەکی ڕێکوپێکتر بەبێ ئەوەی کاریگەریی شوێنی جوگرافیان لەسەر بێت.