Skip to the content

فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری سیستەمی تۆمارکردن بۆ حەجی ڕاگەیاند

فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان سیستەمێکی نوێی دیجیتاڵی، تایبەت بە خۆتۆمارکردن و پێشکەشکردنی داواکاری بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج ڕادەگەیەنێت.
ئامانجی سەرەکیی ئەم سیستەمە، بەدیجیتاڵیکردنی پرۆسەی ساڵانەی تۆمارکردنی حاجییان و ئاسانکردنی هەموو قۆناغەکانی پرۆسەکەیە، بەگشتی هەر لە پێشکەشکردنی داواکاری لەلایەن هاووڵاتییانەوە تا وردبینیکردنی داواکارییەکان لەلایەن نووسینگەکانی حەج و عومڕەی پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆکان و دواتریش ئەنجامدانی تیروپشک لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومڕە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی.

لە ڕێگەی (دەروازەی حەج)ەوە، ساڵانە حەجخوازان دەتوانن لە هەر شوێنێکەوە بەئاسانی ناوی خۆیان تۆمار بکەن بە بەکارهێنانی مۆبایل یان کۆمپیوتەر و چاوەڕێی ئەنجامەکانی تیروپشک بکەن. سیستەمەکە بەستراوەتەوە بە پێناسی دیجیتاڵی بۆ سەلماندنی بێهاوتایی و پاراستنی مافی سەرجەم هاووڵاتییان و دابینکردنی پرۆسەیەکی تەواو شەفاف و دادپەروەرانە، کە هەر کەسێک بۆی هەیە لە ساڵێکدا تەنیا یەک جار داواکاری پێشکەش بکات.

جگە لە هاووڵاتییانی ئاسایی، چەند توێژێکی دیکەی کۆمەڵگە دەتوانن داواکاری بۆ حەج پێشکەش بکەن، لەوانە: مامۆستایانی ئایینی بۆ ڕێنماییکردنی حاجییان، پزیشکان لە چەند پسپۆڕییەکی تایبەت کە لەگەڵ کاروانی حاجییان دەبن وەک تیمی پزیشکی و کۆمپانیاکانی حەج و عومڕە بۆ بەڕێوەبردنی کاروانی حاجییان. هەروەها کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە ڕێگەی فۆرمی تایبەت بە خۆیان لەناو سیستەمەکە دەتوانن داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن.

حەجخوازان دەتوانن لە سیستەمەکەوە بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانیان بکەن و لەڕێی کورتەنامە و ئاگەدارکردنەوەکانی ناو سیستەمەکە لە هەموو قۆناغەکانی پرۆسەکە ئاگەدار دەکرێنەوە. سیستەمەکە بە هەر دوو شێوەزاری سۆرانی و بادینی و هەروەها بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزیش بەردەستە.

هاوکات لەگەڵ کاراکردنی سیستەمەکە، فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری خولی ڕاهێنانی کردووەتەوە بۆ فەرمانبەرانی نووسینگەکانی حەج و عومڕەی پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆکان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومڕە، بە مەبەستی ڕاهێنان و ئامادەکردنیان بۆ بەکارهێنانی ئەم سیستەمە نوێیە. ڕاهێنراوان بۆ ئەرکە جیاوازەکانی بەکارهێنەرانی سیستەمەکە ئامادە دەکرێن وەک: بەڕێوەبردن، وردبینیکردن، ڕێکخستن و ئەنجامدانی تیروپشک و چەند ڕۆڵێکی دیکەی تایبەت بە ڕێکخستنی سیستەمەکە.

ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ستراتیژی بەرفراوانی حوکمڕانیی دیجیتاڵیی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەدیجیتاڵیکردنی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت و بەردەستخستنیان بەشێوەیەکی ئاسان و ڕوون و پارێزراو بۆ هاووڵاتییان.

دەروازەی حەج لە ئێستادا کارایە و خوازیاران دەتوانن داواکاریی خۆیان پێشکەش بکەن. بۆ وردەکاریی زیاتر، سەردانی ئەم بەستەرە بکەن: https://hajj.gov.krd