Skip to the content

شاندێکی باڵای فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری سەردانی ناوەندی ئەزموونکردنی سیسکۆی لە وڵاتی ئیمارات كرد

سەردانیکردنی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری بۆ ناوەندی ئەزموونکردنی سیسکۆ لە دوبەی

لە ڕێگەی بانگهێشتنامەی فەرمیی کۆمپانیای سیسکۆ و بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندیی هاوبەشی نێوان هەردوو لایەن، شاندێکی باڵای فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری، سەردانی سەنتەری ئەزموونکردنی سیسکۆی ناسراو بە (Cisco Experience Center)یان کرد لە شاری (دوبەی)ى وڵاتى ئيمارات.
لە ماوەی سەردانە دوو ڕۆژییەکەدا، شاندی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری کە پێکهات بوو لە هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگە و ئازاد ئیسماعیل، بەرپرسی باڵای تەکنەلۆجی CTO، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرنگیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵا و تیمی تایبەتمەندی تەکنیکيی سیسکۆ ئەنجام دا، سەبارەت بە تەکنەلۆجیا نوێ و ستراتیژییەکانی پەیوەست بە حوکمڕانیی دیجیتاڵییەوە.
بەرنامەی سەردانەکە بە گوتارێکی بەخێرهاتن لەلایەن بەڕێز ئوسامە زەکەریاوە دەستی پێکرد، بەڕێوەبەری گشتیی سیسکۆ بۆ کاروباری وڵاتانی کەنداو و شام.

گرنگترین گۆشەنیگاکانی سەردانەکە
تیمی سیسکۆ سەرسامی و پێزانینی خۆیان دەربڕی بەرانبەر بە توانا تەکنیکییەکانی تیمەکانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری. بەشێکی بنچینەیيی گفتوگۆکان بریتی بوون لە گفتوگۆکردن لەسەر شێوازە نوێیەکانی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە تەکنەلۆجیاکانی سیسکۆدا، بۆ یارمەتیدانی حکومەتەکان لە ئاستی جیهانیدا و چۆنیيەتيی گونجاندنی ئەو تەکنەلۆجیایانە لەگەڵ وەرچەرخانی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان، بەو پێییە سیسکۆ بە یەکێک لە متمانەپێکراوترین کۆمپانیاکانی جیهان دادەنرێت لە هاوکاریکردنی حکومەتەکاندا بۆ پاراستنی سەلامەتيی زانیارییەکان و بەرەوپێشبردنی وەرچەرخانی دیجیتاڵی.

مەبەست لە سەردانەکەی شاندی فەرمانگە بۆ ناوەندی ئەزموونی سیسکۆش زیاتر پتەوکردنی پەیوەندیی هاوبەشی نێوان هەردوو لایەن بوو لە ئاستێکی باڵادا بە مەبەستی کاری زیاتری پێکەوەیی کە تێێدا، سیسکۆ بەڵێنی دا لە داهاتوودا:
پڕۆگرامی ڕاهێنانی تایبەت پێشکەش بە تیمە تەکنیکییەکانی فەرمانگە بکات.
بەهۆی کارامەیيی تیمەکانی فەرمانگە و ئەو متمانەیەی کە دروست بووە لە داهاتوودا، سیسکۆ بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ هاوکاریی تەکنیکی پێشکەش بە تیمەکانی فەرمانگە بکات

دیدگەی چاوپێکەوتنەکان لە داهاتوودا
فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری، پێشەنگی وەرچەرخانی دیجیتاڵییە لە کوردستان و دیدگەی داهاتووی بریتییە لە گۆڕینی کوردستان بۆ حکومەتێکی تەواو ئەلکترۆنی کە لە ڕیزبەنديی پێشەوەی حکومەتە دیجیتاڵییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداودا بێت. سیسکۆش هاوبەشێکی گرنگی بەدیهێنانی ئەو ئاواتەیە لە یارمەتیدانی فەرمانگەدا بۆ بنیادنانی حکومەتێکی دیجیتاڵی، کە ببێتە هۆی خزمەتی هاووڵاتییان لە ڕێگەی پاراستی زانیارییەکان و سوودوەرگرتن لە ژیریی دەستکرد.
وەک سەرنجێکيش لەسەر سەردانەکە، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری ده‌ڵێت: سیسکۆ بەردەوام هاوبەشێکی بنچینەیيی ژێرخانی دیجیتاڵيی ئێمەیە و لە گەشتی وەرچەرخانی دیجیتاڵیدا هاوکار بووە. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: لە ئیمارات، چاومان بە بەڕێوەبەرانی باڵای کۆمپانیاکە کەوت و چەمکەکانی هاوشێوەی تواناکانی ژیریی دەستکرد و پارێزگاریکردن لە زانیارییەکان و گۆڕانکارییە نوێیەکانی جیهانی تەکنەلۆجیامان تاووتوێ کرد. سیسکۆ گرنگە و خاوەن دیدگەیەکی تایبەتە بۆ داهاتووی حوکمڕانیی دیجیتاڵی لە جیهاندا.
سەردانەکە خاڵێکی گرنگی دیکەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان سیسکۆ و فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری بوو بە مەبەستی زیاتر بەرەوپێشبردنی حوکمڕانیی دیجیتاڵی و بەدیهێنانی ستانداردێکی باڵای داهێنان و نایابی لە وەرچەرخانی دیجیتاڵیدا.