Skip to the content

شاندێکی ئیماراتی بە مەبەستی هەماهەنگیکردنێکی باڵا لەسەر حوکمڕانیی دیجیتاڵی سەردانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD) - فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی کرد لە شاندێکی باڵای وڵاتی ئیمارات بە سەرۆکایەتی ئەندازیار ماجید سوڵتان ئەلمیسمار، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و ڕێکخستنی دەسەڵاتەکانی حکومەتی دیجیتاڵی (TDRA) و عامیر ئەلعیوەزی، بەڕێوەبەری پڕۆژە تایبەتەکانی دامەزراوەی داهاتووی دوبەی Dubai Future Foundation. سەردانەکە بەشێک بوو لە پرۆسەیەکی بەردەوامی هاوبەشیکردن لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئیمارات لە بوارەکانی پەیوەست بە حوکمڕانی و داهێنان و وەرچەرخانی دیجیتاڵی.

لە میانەی سەردانەکەدا، شاندەکە چاویان کەوت بە هیوا ئەفەندی، بریکاری وەزیر و سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری و بەڕێوەبەری تیمەکانی ناو فەرمانگە. هەردوو لا گفتوگۆیان کرد لە بارەی تایبەتمەندییە بەهێزەکانی ئەو ژێرخانەی کە بنیادنراوە لەلایەن فەرمانگەوە کە توانای هەیە بەشێوازێکی پارێزراو و بەردەوام خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان بگەیەنێت بە هاووڵاتییان. تیمەکانی فەرمانگە ئەپی KRDPass یان خستە ڕوو بۆ شاندە ئیماراتییەکە. ئەپی KRDPass، ئەپێکی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە ڕێگە بە هاووڵاتییان دەدات دەستیان بگات بە خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانی حکومەت لە ڕێگەی پێناسی دیجیتاڵییەوە. لەلایەن خۆشیانەوە، شاندە ئیماراتییەکە ئەزموونەکانی پەیوەست بە ئەپی UAE Pass یان خستە ڕوو، کە ئەپی فەرمی حکومەتی ئیماراتە و تایبەتە بە پێناسی دیجیتاڵی. ئەم ڕاگۆڕینەوەیە بوو بە پردێکی هاوبەشی تێگەیشتن لەنێوان هەردوو لا و فراوانکردنی ئەزموونەکانی تیمەکانی فەرمانگە بۆ زیاتر برەودان بە KRDPass لە داهاتوودا لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان.

سەبارەت بە سەردانی شاندەکە، هیوا ئەفەندی، بریکاری وەزیر و سەرۆکی فەرمانگە ڕایگەیاند، "ئەم سەردانەی ئەمڕۆی هاوتاکانمان لە ئیماراتەوە وێنەدانەوەی پلانی هاوبەشمانە بۆ فراوانکردنی مەودای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان بەشێوازێکی پارێزراو و بەردەست بۆ هەمووان. ئێمە وەک فەرمانگە مەبەستمانە کە ئەم هاوبەشییەمان بەردەوام بێت لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە ڕێکخستنەوەی ستانداردەکان و پێناسی دیجیتاڵی و بنیادنانی ژێرخانێکی خۆڕاگر و بەهێزی دیجیتاڵی لەپێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان."

شاندەکە سەردانی داتاسەنتەری ناوەندیی حکومەتیان کرد و زیاتر ئاشنا بوون بە ژێرخانی دیجیتاڵی و شێوازی بەڕێوەبردنی کارەکان لە فەرمانگە. هەردوو لاش پابەندیی خۆیان دەربڕی بۆ بەردەوامیدان بە ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان و هاوبەشیکردنی تەکنیکی لەپێناو بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان لە کوردستان و ئیمارات. ئەم سەردانە پشتڕاستکردنەوەی ئەو هاوبەشییە پتەوەیە کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئیماراتدا هەیە کە بنیادنراوە لەسەر بنەمای بەرەوپێشبردنی وەرچەرخانی دیجیتاڵی و گەشەسەندنێکی بەردەوام لە ڕێگەی هەنگاوی کردارییەوە.