Skip to the content

شاندێکی بازرگانیی ئەمریکا سەردانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد بە مەبەستی گەنگەشەکردنی دەرفەتی کاری پێکەوەیی لە گەشەدان بە وەرچەرخانی دیجیتاڵی

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD) - شاندێکی بازرگانیی ئەمریکا سەردانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ زیاتر ئاشنابوون بە گەشتی وەرچەرخانی دیجیتاڵی لە کوردستان و تاوتوێکردنی دەرفەتی کاری پێکەوەیی لە ئاستێکی ستراتیژیدا. سەردانەکە ڕێکخرا بوو لەلایەن خاتوو تریفە عەزیز، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا. تەوەری سەرەکی سەردانەکە بریتی بوو لە کۆبوونەوەی شاندەکە لەگەڵ بەڕێز هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری، و هەروەها بەرپرسانی تیمە تەکنیکییەکانی فەرمانگە.

لە میانەی سەردانەکەدا، بەڕێز هیوا ئەفەندی ئاماژەی بە گرنگی هەبوونی پاڵپشتی باڵای کرد لە سەرکەوتنی پرۆسەی وەرچەرخانی دیجیتاڵی و تیشکی خستە سەر ئەو خاڵەی کە هەر لە سەرەتای کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشڕەوی دیدگەی وەرچەرخانی دیجیتاڵی بووە لە کوردستان.

چەقی گفتوگۆکانی سەردانەکە بریتی بوون لە ئاماژەدان بەو دەستپێشخەرییانەی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری ئەنجامی داون کە ڕێخۆشکەرن بۆ واڵاکردنی دەرفەتی هەماهەنگیکردن و وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کوردستان کە دەبنە هۆی برەودان بە داهێنان، باشترکردنی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییە گشتییەکان، و گەشەسەندنی ئابووری لە ناوچەکەدا.

لە درێژەی گفتوگۆکاندا، بەڕێز هیوا ئەفەندی ڕۆڵی فەرمانگەی ڕوون کردنەوە بۆ شاندەکە لە بنیادنان و بەڕێوەبردنی ژێرخانی دیجیتاڵی بە شێوەیەک کە پشتگیری پرۆسەی وەرچەرخانی دیجیتاڵی بکات لە ناو سەرجەم دامەزراوەکانی ناو حکومەت و هەروەها بتوانێت پشتگیری بێت بۆ پرۆژە ستراتیژییەکانی هاوشێوەی پرۆژەی ڕووناکی و هەژماری من و چەندین پرۆژەی دیکە. ئەندامانی شاندەکەش بەردەوام لە ڕێگەی پرسیارکردنەوە خوازیاری زیاتر ئاشنایی بوون بەو ژێرخانەی کە بنیاد نراوە لە ڕووی هاوشانبوون لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان و ئامادەیی بۆ ئەو خواستە زۆرەی کە لە داهاتوودا دروست دەبێت بۆ خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان.

شاندەکە پێکهات بوون لە نوێنەرانی باڵای ژووری بازرگانیی ئەمریکا لەوانە ئانا بوریس، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمریکا-عێراق و دۆری ئەبوزەید، جێگری بەڕێوەبەری ژووری بازرگانیی ئەمریکا و هەر دوو لە ئەندامان جولیا کێڵی و ئۆلی پێرکینس.

تایبەتمەندیی ئەندامانی شاندەکە لە بوارە جیاوازەکانی وەک تەکنەلۆجیا، بەبانکیکردنی دیجیتاڵی، کشتوکاڵ، گواستنەوە، کاری ڕێکخراوەیی، تەندروستی، خۆراک، خانووبەرە، نەوت، ڕاوێژکاری، وەبەرهێنان و ئاسایش بوو. ئەوەی جێگەی ئاماژەپێدانە، هەر دوو گەورە کۆمپانیای گووگڵ و ئای بی ئێم نوێنەرایەتییان هەبوو لە ناو شاندەکەدا و جەختیان لە برەودان بە داهێنان و پتەوکردنی ژێرخان و توانا مرۆییەکان کردەوە لە کوردستان.

سەردانی شاندەکە وێنەدانەوەی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا ئەمریکییەکانە بۆ فراوانکردنی دەرفەتی کاری پێکەوەیی و هاوبەشیکردن لە فرەچەشنەکردنی ئابووری کە ببێتە هۆی دروستکردنی دەرفەتی نوێ و گەشەسەندنی ئابووری لە کوردستان.