Skip to the content

فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری کۆتایی بە پرۆگرامی هاوینەی فێرخوازانی زانکۆ هێنا بۆ ساڵی ٢٠٢٥

فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری سەرکەوتووانە کۆتایی بە پرۆگرامی هاوینەی فێرخوازان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ هێنا. پرۆگرامەکە هەوڵێکە بۆ بەهێزکردنی توانای گەنجان لە ڕێگەی هاوکاریکردنیان لە ڕووی پیشەیی و ئاشناکردنیان بە بازاڕی کار.

یەکێک لە پایە گرنگەکانی ستراتیژی وەرچەرخانی دیجیتاڵی بریتییە لە برەودان بە سەرمایە مرۆییەکان و ئەم پرۆگرامەش بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری بۆ پێگەیاندنی نەوەی داهاتوو بۆ ئەوەی ببن بە کەسانی پیشەیی لە بازاڕی کاری دیجیتاڵی لە کوردستان. هەروەها پرۆگرامەکە دەبێتە پردێکی پەیوەندی لەنێوان فەرمانگە و ناوەندە ئەکادیمییەکان لە کوردستان.

لە پرۆگرامی ئەمساڵدا، بۆ ماوەی هەشت هەفتە لە مانگی تەممووز و ئاب، ١٨ فێرخواز لە زانکۆ جیاوازەکانی سەرجەم شارەکانی کوردستانەوە بەشدارییان لە پرۆگرامەکەدا کرد، كه‌ بریتی بوو لە پێشکەشکردنی ڕاهێنان و مەشقپێدانی فێرخوازان لەسەر بوارە تیۆری و کردارییەکانی پەیوەست بە وەرچەرخانی دیجیتاڵی.

لە ماوەی پرۆگرامەکەدا، فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشنای کاری ڕۆژانەی سەرجەم تیمەکانی ناو فەرمانگە بوون و لەو ڕاستییە تێگەیشتن کە دامەزراوەیەکی پێشکەوتووی هاوشێوەی فەرمانگە چۆن بەرپرسیارییەتيی بەدیجیتاڵیکردنی خزمەتگوزارییە حکومییەکان لەئەستۆ دەگرێت. هاوتا بە مەشقپێدان لەسەر بوارە تەکنیکییەکان، فێرخوازان ئاشنا کران بە توانستە نەرمەکانی وەک باوەڕبەخۆبوون و گفتوگۆی کاریگەر و کارکردنی بە تیم کە هۆکاری گرنگن لە ئامادەکردنی فێرخوازەکان بۆ بازاڕی کاری دیجیتاڵی.

دواى تەواوکردنی پرۆگرامەکە بە سەرکەوتوویی، بە ئامادەبوونی سەرۆکی فەرمانگە و بەڕێوەبەرانی بەشە جیاوازەکان و فێرکاران و سەرپەرشتیاری ئەکادیمی، ئاهەنگێك بۆ فێرخوازان ڕێک خرا و بڕوانامەیان پێ بەخشرا.

لە مەڕاسیمەکەدا، سەرۆکی فەرمانگە گوتەیەکی پێشکەش کرد کە تێیدا پیرۆزبایی لە فێرخوازەکان کرد و ئاماژەی بە هەوڵە بەردەوامەکانی فەرمانگە دا لە گەشەدان بە سەرمایە مرۆییە پێویستەکان بۆ داهاتووی وەرچەرخانی دیجیتاڵی لە کوردستان.

فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری پرۆگرامی هاوینەی فێرخوازانی زانکۆ وەک سەرمایەگوزارییەک دەبینێت لە دروستکردنی دەستی کار و بنیادنانی بنەمای کاری پێکەوەیی لەنێوان فەرمانگە و دامەزراوە ئەکادیمییەکان لە کوردستان. هەر لەو سۆنگەیەوە، فەرمانگە پابەندە بە بەردەوامیدان و فراوانکردنی پرۆگرامەکە و بەردەستخستنی دەرفەتی زیاتر بۆ فێرخوازان لە ساڵانی داهاتوودا، وەک بەشێک لە برەودان بە بنەمایەکی گرنگی ستراتیژی وەرچەرخانی دیجیتاڵی، کە ئەویش سەرمایەی مرۆییە.